رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشی دوو چەکدارەوە لە دیمەشق، سیاسەتڤانێکی کورد کە سکرتێری پارتی گەنجان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گۆڕانکارییە بریندار بوو؛ خۆی دەڵێت، چەکدارەکان سەر بە ئاسایشی گشتیی حکومەتی کاتیی سووریان.
چوارشەممە، 30-07-2025، پەروین ئیبراهیم، سکرتێری گشتیی پارتی گەنجان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گۆڕانکاری بوڵتەنی کاژێر 23:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە جەعفەر موبەشیرنیا پێشکێشیکرد و لەبارەی ئەو هێرشەی لە دیمەشق لەلایەن دوو چەکداری نەناسراوەوە کرایە سەری، رایگەیاند، چەکدارەکان سەر بە ئاسایشی گشتیی حکومەتی کاتیی سووریان و دوای بریندارکردنی هەڕەشەیان لێکردووە.
پەروین ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری هێرشەکە سیاسی بووە و گوتی: ''کاتێک حکومەتی نوێ دەستبەکار بوو، هەموو پارتەکانی سووریایی هەڵوەشێندرانەوە، بەڵام ئێمە پارتەکەی خۆمان هەڵنەوەشاندنەوە، بۆیە تاوەکو ئێستا چەندین جار دەستگیرکراوین.''
سکرتێری گشتیی پارتی گەنجان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گۆڕانکاری دەڵێت، چالاکیی پارتەکەیان بۆ ''دەستخستنی مافی کورد''ـە و تاوەکو ئێستا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆیاندا چەندین گوتاریان لەسەر هەڵەی حکومەتی کاتیی سووریا بڵاوکردووەتەوە و رەخنەیان لێگرتوون، ''بۆیە ئەوان دەیانەوێت بە هەڕەشە رێگریمان لێبکەن.''
پەروین ئیبراهیم لەبارەی کاتی رووداوەکەوە دەڵێت، ''لەگەڵ هاورێیەکم چووین بۆ ستۆدیۆیەکی نزیک ماڵمان، بۆ ئەوەی وێنەیەک بۆ ڤیزەکەم بگرم، چونکە بانگهێشتنامەیەکم لە رووسیاوە بۆ هاتبوو. کاتێک هاتینە دەرەوە، بینیم ماتۆڕسکیلێک وەستاوە و دوو کەس هێرشیان کردە سەرم.''
بە گوتەی سکرتێری پارتی گەنجان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گۆڕانکاری، دوای هێرشکردنە سەری، دوو چەکدارەکان پێیانگوتووە، ''زمانت زۆر درێژ بووە، ئەمڕۆ هاتووین تەنیا هەڕەشەت لێ بکەین، بەڵام ئەگەر دووبارە دەربکەویتەوە، دەستگیرت دەکەین.''
پەروین ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو، وەکو کاردانەوە بۆ هێرشەکە، پارتەکەی راگەیێندراوێک دەردەکات و بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هەروەها بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی دەنێرن، بۆ ئەوەی ئاگاداری رووداوەکە بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ