کوردستان
بەپێی ئامار و داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، 36 هەزار و 500 مامۆستای وانەبێژ لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەگەر پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی قوتابخانەکان لە رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو مامۆستایانی وانەبێژ نەکرێنە گرێبەست، ماندەگرن و ناچنە هۆڵەکانی خوێندن، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێندرێن."
رۆژی چوارشەممە، 30-8-2023، کاروخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو پرسە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ماوە، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و دارایی داوایانکردووە مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێن، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک نییە و چاوەڕوانین."
کاروخ عەبدوڵڵا گوتی، "ئەگەر بڕیاری دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دەرنەچێت، ئەوا رۆژێک پێش دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی 2023-2024 هەڵوێستی خۆمان رادەگەیێنین، سەرجەم نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگا و شار و ئیدارە سەربەخۆکان لەگەڵ ئەوەدان کە بایکۆتی دەوامی ئەمساڵ بکەین و ئەو بڕیارەش رادەگەیێنین."
بەپێی ئامار و داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، 36 هەزار و 500 مامۆستای وانەبێژ لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەن، لە سنووری پارێزگای هەولێر 7 هەزار و 500 مامۆستای وانەبێژ، لە سنووری پارێزگای دهۆک، 15 هەزار و لە سنووری پارێزگای سلێمانی 14 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژەوە، رۆژی چوارشەممە 30-8-2023، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، "ئێمە داوامانکردووە ئەو مامۆستایانە دابمەزرێن و بە گرێبەست نەبێت، بەڵکو بەتەواوەتی دابمەزرێن و کۆتایی بە مامۆستای گرێبەست و وانەبێژ بێت، ئەو بڕیارە ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئێمە پشتیوانی لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکەین."
رۆژی 27-2-2023، لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژەوە، وەزارەتی دارایی نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردبوو کە وەڵامی نووسراوی ژمارە 2500ـی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بوو.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی کە وەڵامی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە و واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، هەردوو وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی پێشنیازی دامەزراندنی بە گرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە بەپێی وەزارەتی دارایی، بە دامەزراندنیان مانگانە تەنیا 4 ملیار و 255 ملیۆن دینار بۆ سەر شایستە داراییەکانیان زیاد دەبێت.
وەزیری دارایی لە نووسراوەکەدا دەڵێت: "لە دوا کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری پەروەردە، کۆنووسی لیژنەی هاوبەشمان پەسند کرد، هەردوو وەزارەت پێشنیاز دەکەین بکرێنە گرێبەست."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ