رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی سلێمانی داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی شارەکە دەکات کار بە ناوەڕۆکی نووسراوێکی پێشتریان بکرێت، کە دوو ساڵ پێشتر لەبارەی زێدەڕۆییەکانی سەر ژمارەیەک پارچە زەوی بۆیان ناردوون، هەروەها داوای لێپرسینەوە لە زێدەڕۆکارەکان بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 26-10-2023، داواکاری گشتیی سلێمانی نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگاکە کردووە و داوا دەکات رێکاری یاسایی دژ بەو کەسانە بگیرێتەبەر کە زێدەڕۆییان کردووە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "سەبارەت بەو زێدەڕۆییانەی کراونەتە سەر پارچە زەوییەکانی ژمارە 30 و 31ـی کەرتی 19ـی قولەڕەیسی کە لە ماستەرپلانی شاری سلێمانی بە زەویی ژمارە 12 و 15ـی قولەڕەیسی تۆمارکراون، پێویستە کار بە ناوەڕۆکی نووسراومان ژمارە 6/1458 لە 9-11-2021 بکرێت کە وێنەیەکی هاوپێچە و پێشتر ئاراستەمان کردوون تاوەکو بتوانین لەلایەن خۆمانەوە رێکاری یاسایی دژ بە زێدەڕۆکاران بگرینەبەر."
لە نووسراوەکەی داواکاری گشتی ئاماژە بە نووسراوی لیژنەی تۆمارکردنی داوای مافی گشتی لە داواکاری گشتیی سلێمانی کراوە، کە رۆژی 9ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2021، ئاراستەی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی کردووە و داوا دەکات ئەگەر ئەو زەوییانە زێدەڕۆییان کرابێتەسەر، پێویستە بەپێی مادەی پێنج لە یاسای رێگری لە زێدەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەویوزار و موڵکی دەوڵەت ژمارە سێی ساڵی 2018، رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان و ئەگەر زێدەڕۆکار زێدەڕۆییەکەی لانەبرد، ئەوا ئاگاداریان بکەنەوە تاوەکو رێکاری یاساییان لەدژ بگیرێتەبەر.
هەروەها هاتووە: "ئەگەر زەوییەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە، زانیاریی پێویست لەبارەی ناوی کڕیار و فرۆشیارەکان کۆبکرێتەوە و ئاگاداریان بکەنەوە تاوەکو بتوانرێت رێکاری یاساییان لەدژ بگیرێتەبەر."
لە نووسراوەکەی داواکاری گشتی ئاماژە بەوەدراوە، ئەگەر پێشتر سکاڵای یاسایی لەوبارەیەوە تۆمارکراوە و لەبەر هەر هۆکارێک سکاڵاکە داخراوە، ئەوا پێویستە لایەنی خاوەن موڵک خۆی داوای مەدەنی لەوبارەیەوە لە دادگەی تایبەتمەند تۆماربکات.
لە ماوەکانی رابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی کەیسی دابەشکردنی نایاسایی ئەو زەوییانەی قولەڕەیسی لە سلێمانی هۆشداری و زانیارییان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردبوو کە لە چەند شوێنیکی دیکەش ئەو کارە دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەبارەی مامەڵەکردن بەو زەوییانەی فۆرمی شارەوانییان نییە، هۆشداری دا و گوتی: "ئەو فۆرمانەی لە شارەوانییەوە دەرنەچووبن مامەڵەیان پێوەنەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ