رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.
بەپێی هەواڵی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، رۆژی شەممە 30-12-2023، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانەدا تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئەحمەد سادقی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
هەر لەو رووداوەدا کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی هیوا کە خەڵکی شاری کامێرانی سەر بە پارێزگای سنەیە، بە سەختی بریندار بووە.
ئەحمەد سادقی، تەمەنی 32 ساڵە، خەڵکی گوندی قەبەغڵووی سەقزە و باوکی منداڵێکە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە نەورۆزی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا تەنیا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە 18 کۆڵبەر بە تەقەی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران کوژراون.
بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە سێ مانگی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا نۆ کۆڵبەر کوژراون و 145 کۆڵبەریش بە هۆکاری جیاواز بریندار بوون.
کۆڵبەرەکان دەڵێن، بەهۆی نەبوونی هەلیکار لە شارەکانیان بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و کۆڵبەری دەکەن. کۆڵبەرەکان لەپێناو بڕە پارەیەکدا کەلوپەلی بازرگانەکان دەگوازنەوە.
لە ساڵانی پێشتردا تەنیا خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کۆڵبەرییان دەکرد، بەڵام لەم چەند ساڵەدا کە بارودۆخی ئابووری خراپتر بووە، لە شارە دوورترەکانی سنووریشەوە خەڵک بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان، روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ