رووداو دیجیتاڵ
بێنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژانی ئێستای لە ناوچەکە بە "پڕ لە ئازار" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هەموو توانای سەربازیی خۆی بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕی دژی ئێران بەکاردەهێنێت تاوەکو گەرەنتیی مانەوە و داهاتووی ئیسرائیل بکات.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئادار، بنیامین نەتەنیاهوو لە بنکەی وەزارەتی بەرگری (کیریا) لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، ئیسرائیل بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت. وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییان، نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە.
نەتەنیاهوو گوتی، "دوێنێ لێرە لە تەلئەڤیڤ، ئێستاش لە بێت شیمیش، خەڵکێکی ئازیزمان لەدەستدا؛ دڵم لای خێزانەکانیانە و بە ناوی هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیلەوە، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەچنە قۆناخێکی بێوێنەوە.
نەتەنیاهوو گوتی، "ئێمە لە هەڵمەتێکداین کە تێیدا هەموو هێزی سوپای بەرگریی ئیسرائیل بە جۆرێک بەکاردەهێنین کە پێشتر وێنەی نەبووە، ئەوەش لە پێناو دڵنیابوونەوە لە بوون و داهاتوومان."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە تاران و ئیسرائیل بۆ دووەم رۆژە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە مووشەک و درۆن خاکی یەکدی بۆردوومان دەکەن.
بنکەی "کیریا" لە تەلئەڤیڤ، کە نەتەنیاهوو گوتارەکەی تێدا پێشکێش کرد، ناوەندی بڕیارە ستراتیژییەکانی سوپا و وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلە و لە کاتی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا وەک ژووری ئۆپەراسیۆنە باڵاکان بەکاردێت.
ئاڵۆزییەکانی ئێستا گەورەترین پێکدادانی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتە لە دوای ساڵی 1948ـەوە، کە تێیدا هاوکێشە ئەمنییەکان لە "شەڕی سێبەر"ـەوە گۆڕاون بۆ "رووبەڕووبوونەوەی کراوە".
لە حوزەیرانی 2025دا، دوای ئەوەی ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمریکا گورزی لە بنکە ئەتۆمییەکانی تاران وەشاند، ناوچەکە کەوتە ناو جەرگەی جەنگێکی نوێ کە تێیدا تەکنەلۆژیای مووشەکی و درۆنەکان رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ