رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى ئیمارات رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئێرانەوە، ئاگر لە بنکەیەکی دەریایی شاری ئەبووزەبی کەوتووەتەوە کە هێزەکانی فەرەنسای تێدا جێگیرکراون.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، بڵاویکردەوە کە تیمە پسپۆڕەکانیان رووبەڕووی رووداوێک بوونەتەوە کە لە ئەنجامی هێرشی دوو درۆنی ئێرانی بۆ سەر کۆگەیەکی بنکەی دەریایی "ئەلسەلام" لە ئەبووزەبی دروستبووە.
وەزارەتەکە جەختی کردەوە، هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە. سوپای فەرەنسا کە هێزی لە بنکەکە هەیە، تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەبارەی رووداوەکەوە نەداوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دا هاتووە، "تیمەکانمان توانییان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن کە بەهۆی درۆنەکانەوە کەوتبووەوە." ئەم بنکەیە کە بە "کامپ دی لا پایکس" ناسراوە، بنکەیەکی سەربازیی ئیماراتییە و لەسەر داوای ئەو وڵاتە، هێزەکانی فەرەنسای تێدا جێگیرکراون.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن، تاران بۆ دووەم رۆژە بەردەوامە لە مووشەکبارانکردنی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە وڵاتانى کەنداو.
تاران رایگەیاندووە، هەموو ئەو وڵاتانەی رێگە بە ئەمریکا دەدەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردن بەکاربهێنن، دەبنە "ئامانجی شەرعیی" مووشەکەکانیان.
ئیمارات یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا و فەرەنسا لە ناوچەکەدا و چەندین بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتانە لەسەر خاکەکەی جێگیرکراون.
ئەمە دووەم رۆژی جەنگەکەیە کە تێیدا تاران مووشەک و درۆنەکانی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو دەکات.
لە هەمان کاتدا، ئاسایشی دەریایی لە کەنداو و دەریای عەمان بەهۆی ئەم هێرشانەوە کەوتووەتە مەترسییەکی گەورەوە، کە رەنگە ببێتە هۆی پەککەوتنی گواستنەوەی وزە بۆ جیهان و بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخەکانی نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ