رووداو - هەولێر
لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو خۆشترین و جوانترین یاریگەی گۆڵف لە سەرانسەری کیشوەری ئەفریقا لە لیبیا بوو، بەڵام دوای ساڵی 1969 کە قەزافی دەسەڵاتی گرتەدەست، یاری گۆڵف بە گشتی پشتگوێخرا، ئێستا سەرەڕای کۆرۆنا و شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە، بەشێک لە خەڵکی هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو وەرزشە دەدەن.
یاریگەکەی لیبیا دەکەوێتە شاری بەنغازی و لە ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروستکرابوو. هەرچەندە زیاتر لە نیو سەدە ئەو وەرزشە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتگوێخرابوو، بەڵام خولیای لیبیەکان بۆ یاری گۆڵف هێشتا ساردنەبووەتەوە و ئێستا دووبارە چوونەتەوە ئەو یاریگایە (هەرچەندە بەتەواوی وێران بووە) تاوەکو بەهرەکانیان نیشانبدەن.
عەبدولحەمید حوێتی، راهێنەری گۆڵفە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە خاوەنی چەندین بەهرەمەندین کە لە ئاستی کێبڕکێی نێودەڵەتیدان. خولیای یاریکردنیان هەیە، بەڵام لێرە رووبەڕووی چەندین کێشە دەبینەوە. یەکەمیان، نەبوونی کەلوپەلەکانە کە لە لیبیا دەستناکەون".
بە گوتەی ئەو راهێنەرە فیدراسیۆنی گۆڵفی لیبیا هەندێجار بەشێک لەو کەرەستانەی بۆ دێت، بەڵام بەشی یاریزانەکانیان ناکات. "لەنێوان هەر دوو بۆ سێ ساڵ فیدراسیۆنەکە چوار پێنج جانتای بۆ دێت لەکاتێکدا نەوەیەکی نوێی یاریزانەکانی گۆڵف پەیدابوونە و دەیانەوێت وەرزش بکەن، بەڵام کەلوپەلی پێویستیان نییە".
موحەممەد عەبدولحەلیمیش یاریزانی گۆڵفە و ئاماژە بەوە دەکات "بە پشتیوانیی خودا ئێمە توانای ئەوەمان هەیە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیش سەرکەوتن تۆماربکەین، بەڵام پێویستمان بە هاوکارییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی یاریگاکەمان و رێکخستنی خولی راهێنان لە دەرەوەی لیبیا". بەڵام دەڵێت، یاریگەکەیان هیچ نییە.
یاریزانەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە وێڕای ئەوەی وڵاتەکەیان بە نەوت دەوڵەمەندە، حکومەتەکەیان هیچ بایەخ بەو وەرزشە نادات. دەڵێن، دەبێت لەرێگەی ئەم جۆرە وەرزشانەوە توانای گەنجەکان بخرێتە خزمەتی ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی.
وەرزش، وەکو هەموو کەرتێکی دیکەی لیبیا، بەهۆی شەڕی ناوخۆ بە قەیرانێکی سەختدا دەڕوات، جگە لەوەش، ئێستا هەموو چالاکییە وەرزشییەکان لە ترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتە راگیراون.
بەپێی ئامارەکانی وۆڵد مێتەر 61 کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 کەسیش چاکبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ