ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر زانکۆ ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی هێرش کردنە سەر ئەو زانکۆیانە دەکات کە لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان، ئەمەش وەک فراوانکردنی بازنەی ئەو ئامانجانەی کە تاران بە "رەوا"یان دەبینێت.
 
 بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریی تووندی دایە تەواوی کارمەند، مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا، کە لانیکەم یەک کیلۆمەتر لە تەلاری زانکۆکانیان دوور بکەونەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم قوتابخانە و زانکۆیانە "ئامانجی رەوان"، تاران ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی هێرشیان کردووەتە سەر "زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای تاران".
 
ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆ ناودارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لقیان هەیە، لەوانە زانکۆی نیویۆرک کە کەمپێکی گەورەی لە ئەبووزەبی لە ئیمارات هەیە. هەروەها لە (شاری پەروەردە) لە قەتەر چەندین زانکۆی ناسراوی وەک جۆرج تاون، کارنێگی مێلن، نۆرسوێستن و تەکساس ئەی ئەند ئێم هەن.
 
بەپێی ئاماری پڕۆژەی (Open Doors) کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە پشتگیریی دارایی دەکرێت، لە ساڵی خوێندنی 2023-2024 نزیکەی 4,900 ئەمریکی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەرقاڵی خوێندن بوون، کە نیوەیان لە ئیسرائیل و نزیکەی 1,100 کەسیشیان لە ئیمارات بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە