لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان سێ رۆژنامەڤان کوژران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان، 3 رۆژنامەڤان کوژران کە یەکێکیان پەیامنێرێکی ناسراوی کەناڵی ئەلمەناری سەر بە حیزبوڵڵایە. دەسەڵاتدارانی لوبنانیش هێرشەکە بە "تاوانی جەنگ" ناوە دەبەن.
 
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، کە عەلی شوعەیب، پەیامنێری کەناڵی ئەلمەناریان کوشتووە و تۆمەتباریان کرد بەوەی "لەژێر پەردەی رۆژنامەڤانیدا لەنێو رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵادا کاری کردووە."
 
سەرچاوەیەکی سەربازیی لوبنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێرشەکە رۆژی شەممە لە ناوچەی جەزین روویداوە و تێیدا عەلی شوعەیب، فاتیمە فتوونی، رۆژنامەڤانی کەناڵی مەيادین و براکەی فاتیمە کە وێنەگر بووە، کوژراون. 
 
هەردوو کەناڵەکە کوژرانی کارمەندەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە. عەلی شوعەیب یەکێک بوو لە پەیامنێرە جەنگییە هەرە دیارەکانی ئەلمەنار و دەیان ساڵە رووماڵی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان دەکرد.
 
کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی لوبنان
 
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان سەرکۆنەی کوشتنەکەی کرد و بە "تاوانێکی ئاشکرا" ناوی برد کە پێشێلی هەموو ئەو رێککەوتننامانە دەکات، کە پارێزبەندی دەدەنە رۆژنامەڤانان لە کاتی جەنگدا. نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانیش گوتی ئەمە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە" و پۆڵ مۆرکۆس، وەزیری راگەیاندنیش بە "تاوانی جەنگ" ناوی برد.
 
لوبنان لە 2ی ئادارەوە پەلکێشی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، کاتێک حیزبوڵڵا بۆ تۆڵەی کوژرانی رێبەری ئێران، مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر لوبنان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی لوبنان دەڵێن لانیکەم  هەزار و 189 کەس کوژراون. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت لە سەرەتای جەنگەکەوە زیاتر لە 800 ئەندامی حیزبوڵڵایان لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە کوشتووە.
 
لە هێرشەکانی دیکەی رۆژی شەممەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دیواری دەنگیان لە ئاسمانی بەیرووت. هەروەها راکان ناسرەدین، وەزیری تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا 9 کارمەندی فریاگوزاری کوژراون لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا بۆ رزگارکردنی خەڵک. بەمەش لە سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا 46 کارمەندی فریاگوزاری و 5 کارمەندی دیکەی تەندروستی کوژراون.
 
تیدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە پۆستێکدا رایگەیاند، مانگی ئادار دووەم کوشندەترین مانگە بۆ کارمەندانی تەندروستی لە لوبنان و جەختی کردەوە کە "کارمەندانی تەندروستی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پارێزراون و نابێت هەرگیز بکرێنە ئامانج."
 
هەروەها سوپای لوبنان کوژرانی 2 سەربازی خۆی راگەیاند کە لە کاتی پشوودا بوون. لە ناوچەی هێنییە، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیلەوە 7 کەس (6 سووری و 1 لوبنانی) کوژران. لە دەیر زەهرانی-یش 7 کەسی دیکە کوژران.
 
لەلایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵا رایگەیاند کە چەندین جار کۆبوونەوەی هێزەکانی ئیسرائیلیان لە ناوچە سنوورییەکان کردووەتە ئامانج. هێزەکانی ئیسرائیل هەوڵ دەدەن پێشڕەوی بکەن بەرەو ناوخۆی لوبنان بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕێنراو (Buffer zone) تاوەکو رووباری لیتانی، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە باکووری سنووری ئیسرائیلەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو پەیامنێرەکە

یەکێتیی رۆژنامەنووسانی عەرەب سەرکۆنەی کوشتنی دوو پەیامنێر دەکات لەلایەن ئیسرائیلەوە

یەکێتی گشتیی رۆژنامەنووسانی عەرەب، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رۆژنامەنووسان لە لوبنان دەکات و رایدەگەیێنێت، بە ئامانجگرتنی تیمە میدیاییەکان پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە. =