رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بڕیار بدەن بۆ راگرتنی یەکجارەکی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. داواشی کرد جیهان بەرنامەیەکی فراوان و گشتگیریی هەبێت لە دژی دەسەڵاتدارانی تاران.
رۆژی چوارشەممە دووی تەممووزی 2025 جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند: "پێویستە جیهان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بجوڵێت، بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران."
ئەو داوایەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، تاران هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ دەزگەی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بە فەرمی راگرت.
ساعر داوای لە زلهێزەکانی ئەورووپا، وەکو؛ ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کرد "سەرجەم سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێستا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بجوڵێت و هەموو ئامرازێکی بەردەستی بەکاربهێنێت بۆ راگرتنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، راگەیێندراوەکەی ئێرانی لە بارەی راگرتنی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە "ئابڕووبەرانە" ناوبرد و گوتی: "ئەمە پاشگەزبوونەوەیەکی تەواوەتییە لە هەموو ئەرک و پابەندییە ئەتۆمییە نێودەوڵەتییەکان." گوتیشی: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو ئامرازێکی بەردەستی بەکاربهێنێت بۆ راگرتنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران."
رۆژی چوارشەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، تاران هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە رادەگرێت، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئیسرئیل و ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە بەقسەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل، زیانێکی زۆریان پێگەیاندوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ