رووداو دیجیتاڵ
لەوەتەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە لێدانی هەزاران ئامانج لەنێو خاکی ئێران کردووە، بایی ملیاران دۆلار کەرەستە و چەکی پێشکەوتووی سەربازیی ئەمریکا لەنێوچوون یان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. زۆربەی ئەم زیانانەش بەهۆی مووشەکە بالیستییەکان و درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی ئێرانەوە بووە.
تێچووی سێ هەفتەی یەکەمی جەنگ
ئێلاین مەکاسکەر، بەرپرسی باڵای پێشووی بودجە لە پێنتاگۆن بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاندووە، تێچووی زیانەکان و جێگرتنەوەی کەرەستە لەنێوچووەکان لە سێ هەفتەی یەکەمی جەنگ لەنێوان 1.4 ملیار بۆ 2.9 ملیار دۆلار دەکات. پێنتاگۆن بۆ پڕکردنەوەی ئەم زیانانە و بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەکان، داوای بودجەیەکی تەواوکاریی 200 ملیار دۆلاریی لە کۆشکی سپی کردووە.
فڕۆکە جەنگییەکان و رووداوەکان
لە ماوەی ئەم مانگەدا، چەندین فڕۆکەی جەنگیی گرانبەها کەوتوونەتە خوارەوە یان تێکشکاون:
رۆژی 1ی ئادار، فڕۆکەیەکی F/A-18ی کوێتی بە هەڵە سێ فڕۆکەی F-15Eی ئەمریکی خستە خوارەوە. تێچووی هەر فڕۆکەیەکی نوێ لەم جۆرە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە.
رۆژی 19ی ئادار، فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی جۆری F-35A ناچار بوو نائاسایی بنیشێتەوە و ئێران دەڵێ، ئەوان پێکاویانە. نرخی ئەم فڕۆکەیە 82.5 ملیۆن دۆلارە.
فڕۆکە سووتەمەنیپێدەرەکان
رۆژی 12ی ئادار، دوو فڕۆکەی سووتەمەنیپێدەری جۆری KC-135 لە ئاسمانی عێراق لە یەکیان دا و شەش ئەندامی تیمەکەیان گیانیان لەدەستدا.
هەروەها پێنج فڕۆکەی دیکەی هەمان جۆر لە هێرشێکی مووشەکیی ئێران بۆ سەر بنکەی (شا سوڵتان) لە سعودیە زیانیان بەرکەوت. بەهۆی ئەوەی ئەم فڕۆکەیە چی دیکە دروست ناکرێت، پێنتاگۆن دەیەوێ فڕۆکەی نوێی KC-46 Pegasus جێگەیان بگرێتەوە کە نرخی هەر دانەیەکیان 165 ملیۆن دۆلارە.
درۆنەکان؛ نێچیرێکی ئاسان
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 12 درۆنی جۆری MQ-9 Reaper تێکشکاون، لانیکەم هەشتیان بە مووشەکی ئێران لە ئاسمان خراونەتە خوارەوە. پێنتاگۆن دەیەوێت مۆدێلی نوێی MQ-9B دابین بکات کە نرخی هەر دانەیەکیان دەگاتە 30 ملیۆن دۆلار.
کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و رادارە گرانبەهاکان
کەشتیی جێراڵد فۆرد: هەرچەندە لە شەڕدا نەبووە، بەڵام رۆژی 12ی ئادار ئاگر لە نێو ئەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەدا کەوتەوە و ئێستا بۆ چاککردنەوە لە یۆنانە.
راداری تاد : ئێران توانیویەتی راداری سیستەمی بەرگریی "تاد" لە ئوردن بپێکێت کە تێچووەکەی 300 ملیۆن دۆلارە.
راداری سعودیە و قەتەر: یەکێک لە گەورەترین زیانەکان، بەرکەوتنی راداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی قەتەر (AN/FPS-132) بووە لە بنکەی "عودەید"، کە تێچووی ئەو رادارە بە تەنیا نزیکەی 1 ملیار دۆلارە.
ئەم زیانە قورسانە لە کاتێکدان کە ئێران بەردەوامە لە بەکارهێنانی مووشەک و درۆنەکانی بۆ پەکخستنی هاتووچۆی دەریایی و لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ