نەتەنیاهوو: ئەگەرى رێککەوتن لەگەڵ سووریا هەیە

03-12-2025
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە 2-12-2025  رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ سووریا هەیە و چاوەڕێی دەسەڵاتدارانی دیمەشقە بۆ دروستکردنى ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە دیمەشقەوە تاوەکو چیای حەرمۆن و چەند ناوچەیەکى دیکە.

نەتەنیاهوو، لە میانەى بەسەرکردنەوەى سەربازە بریندارەکانی ئیسرائیل گوتی: "ئەوەی چاوەڕێی دەکەین سووریا بیکات دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراوە لە چەک لە دیمەشقەوە تاوەکو رێڕەوەکانی چیای حەرمۆن."
 
قسەکانی نەتەنیاهوو، رۆژێک دوای ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "زۆر گرنگە ئیسرائیل دیالۆگێکی بەهێز و راستەقینەی لەگەڵ دیمەشقدا هەبێت. ئیدارەکەی ترەمپ نێوەندگیری هەردوو وڵات بۆ رێککەوتنێکى دۆستانە دەکات."
 
نەتەنیاهوو گوتیشی: "بە نیازپاکی و تێگەیشتن لەم بنەمایانە، دەکرێت لەگەڵ سوورییەکاندا بگەینە رێککەوتن، بەڵام ئێمە لە هەر حاڵەتێکدا پابەندی بنەماکانی خۆمانین."
 
سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل چەند مەرجێکیشى بۆ سووریا دیاریکردووە کە بریتین لە: بەرگریکردن لە کۆمەڵگەکانی باکووری ئیسرائیل و دروزەکان دژی هەر تیرۆر و دوژمنکارییەکی داهاتوو کە لە خاکی سووریاوە ئەنجام بدرێت.
 
ترەمپ، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا دەربڕیوە، لەکاتێکدا ئیسرائیل نیگەرانە لەبارەی پەیوەندییەکانی پێشووی شەرع لەگەڵ گرووپە ئیسلامییەکان، لەگەڵ ئەوەش بەشداریی لە هەوڵەکاندا کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک.
 
ئیسرائیل لە ساڵی 1967 بەرزاییەکانی جۆلانی سووریای کۆنترۆڵکرد و دواتر خستییە سەر خاکەکەی خۆی، هەنگاوێک کە تەنیا ئەمریکا دانی پێداناوە.
 
نەتەنیاهوو لەبارەى ئەو ناوچانەوە گوتیشی: "ئێمە ئەو ناوچانەمان بەدەستەوەیە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی هاووڵاتییانی ئیسرائیل، ئەوەش ئەرکێکى سەرشانمانە."
 
سووریا تائێستا بە فەرمی دان بە ئیسرائیلدا نانێت، کە لە کانوونی دووەمی 2024ـەوە خاکی زیاتری لە سووریا داگیرکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە