رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەڵێ، ئێران بۆ ئێرانییەکانە و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە ناشەرعی و نایاساییە.
دەوڵەت باخچەلی رۆژی سێشەممە، 03ـی ئاداری 2026 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا کاردانەوەی تووندی بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نیشاندا.
باخچەلی ئاماژەی بەوەدا، "ئەم دەستدرێژییە ناشەرعی، نایاسایی و ناڕەوایە" و بەئامانجگرتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئایینیی ئێرانیشی بە "ناپاکییەکی تەواو" ناوبرد.
بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا "بە هاندان و پیلانی زایۆنیزم" هێرشی کردووەتە سەر ئێران و گوتی: "ئەم دەستدرێژییە ناشەرعییە. ئەم دەستدرێژییە نایاساییە. ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە. کەس نییە گوێ بە یاسای نێودەوڵەتی بدات و دانی پێدابنێت."
باخچەلی، ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی جنێڤ و ڤیەننا کرد و ئەنجامدانی هێرش لە کاتێکدا کە پرۆسەی دیپلۆماسی بەردەوامە، بە "نیشانەی ئاڵۆزیی جیهانی" هەژمار کرد.
باخچەلی، سەبارەت بەو هێرشەی کە لە 28ـی شوبات لە کاتی کۆبوونەوەیەکی باڵادا لە ئێران ئەنجامدرا و تێیدا عەلی خامنەیی و کەسانی یاوەری کرانە ئامانج، بە تووندی قسەی کرد و گوتی: "ئامانجگرتن و کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئایینیی ئێران، لە کاتێکدا کە لە کۆبوونەوەدا بووە، بە تەواوی ناپاکییە."
باخچەلی، بەرگریی لەوە کرد هێرشەکە لاوازیی ئاسایشی نێوخۆی ئێرانیشی دەرخستووە و گوتی: "سیخوڕەکان چوونەتە نێو هەستیارترین و نهێنیترین شوێنەکانی ئێرانەوە."
ئاماژەی بە گوتاری هەڕەشەئامێزی ئەم دواییانە بەرامبەر تورکیاش کرد و رایگەیاند، هەندێک کەسایەتیی ئیسرائیلی و ئەمریکی لێدوانیان داوە و تورکیایان کردووەتە ئامانج.
سەرۆکی مەهەپە، بەبیریهێنایەوە کە ئێران خاوەنی دوو هەزار و 500 ساڵ نەریتی دەوڵەتدارییە، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بکرێت و گوتی "ئێران هی ئێرانییەکانە" و دەریبڕی کە دابەشکردنی ئێران لەسەر بنەمای ئەتنیکی یان مەزهەبی، دەرەنجامی قورسی بۆ سیاسەتی هەرێمی و جیهانی دەبێت.
باخچەلی، رایگەیاند پێویستە بە ستراتیژیی چارەسەری ئاشتییانە دەستوەردان لە شەڕی هاوبەشیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا بکرێت و گوتی: "شەڕ براوەی نییە، بەڵام ئاشتی براوەی زۆرە."
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانی سەر ئێران وانەی بۆ تورکیاش تێدایە و گوتی: "گرنگیی بەرەی ناوخۆ زۆر باشتر دەرکەوت".
باخچەلی، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە تورکیا گیانی یەکێتیی نیشتمانی و هاودەنگی بەهێز بکات و گوتی: "جیاکردنەوەی ئەو رووداوانەی بەسەر وڵاتی دراوسێمان ئێراندا دێت لە وڵاتەکەمان، هەم مەحاڵە و هەم بێهۆشییە."
وەڵامی ئەو کەسانەشی دایەوە کە رەخنە لە ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" دەگرن و بەرگریی لەوە کرد کە بانگەوازەکانی برایەتیی کورد و تورک شێوێندراون و گوتی: "هەرکەسێک رووبەڕوومان ببێتەوە، دەبێت ئەو شکۆمەندییە قبووڵ بکات کە دەیبینێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ