رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز و مەترسیدار، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا توانیویانە فڕۆکەوانی دووەمی فڕۆکە تێکشکاوەکەی جۆری (F-15E) لە نێو ئێران رزگار بکەن و بیگوازنەوە شوێنێکی سەلامەت.
بەپێی راپۆرتەکە، پرۆسەی رزگارکردنەکە لە درەنگی شەوی رابردوو دەستیپێکردووە و تیمێکی تایبەتی سوپای ئەمریکا بە نهێنی چوونەتە نێو خاکی ئێرانەوە.
لەکاتی گەیشتنیان بە شوێنی فڕۆکەوانەکە، پێکدادانی چەکداریی قورس لەنێوان تیمی رزگارکەر و هێزە ئەمنییەکانی ئێران روویداوە.
سەرەڕای مەترسییەکان، تیمە رزگارکەرە توانیویەتی فڕۆکەوانەکە کە رەگەزەکەی ئاشکرا نەکراوە لە ناوچەکە دەربهێنێت و لە رێگەی هێلیکۆپتەرێکەوە بەرەو دەرەوەی ئێران بیبات.
بەرپرسانی ئەمریکا بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، ئێستا فڕۆکەوانەکە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایە لە دەرەوەی ئێران و تەندروستیی جێگیرە، بەڵام پێویستی بە چاودێریی پزیشکی هەیە. هەروەها دڵنیاییان دا کە هیچ ئەندامێکی تیمی رزگارکردنەکە لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەکوژراون.
ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت کە فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-15Eی ئەمریکا لە ئاسمانی ئێران تێکشکابوو و چارەنووسی یەکێک لە ستافەکەی نادیار بوو، کە بووە هۆی نیگەرانییەکی زۆر لە واشنتن.
سەرەتا کەناڵی جەزیرەی ئینگلیزی هەواڵی رزگارکردنی فڕۆکەوانەکەی لە زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئەمریکاوە بڵاو کردەوە، شەوی رابردوو تیمی رزگارکردنی سوپای ئەمریکا توانیویانە شوێنی فڕۆکەوانە بێسەروشوێنبووەکەیان لەنێو ئێراندا بدۆزنەوە. ،بەڵام پرۆسەی رزگارکردنەکەی تووشی ئاستەنگ بووە، دوای ئەوەی کە پێکدادانێکی قورس لەگەڵ هێزەکانی ئێران دروست بووە.
بەڵام جەزیرە لە زاری سەرچاوە ئەمریکییەکەوە باسی لەوە کردبوو، تاوەکو ئێستا ئەو فڕۆکەوانە خاکی ئێرانی جێ نەهێشتووە. بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا، "هێشتا مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی ئەو کەسە و ئەو تیمە ئەمریکییەش هەیە کە هەوڵی رزگارکردنی دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ