کەنداو؛ هەڵوەشاندنەوەی 9 شانەی نووستووی ئێرانی لە 27 رۆژدا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەکاتێکدا وڵاتانی کەنداو ماوەی زیاتر لە مانگێکە لەژێر هێرشێکی چڕی درۆنی و مووشەکیدان کە لەبەری رۆژهەڵاتی کەنداوەوە ئاراستەی دامەزراوە ئابوورییەکانیان دەکرێ، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کەنداو لەڕێی هاوئاهەنگییەکی پێشکەوتووی گۆڕینەوەی زانیارییەوە لە کێبڕکێدان لەگەڵ کات بۆئەوەی ئەو شانە نووستووە ئێرانییانە ئاشکرا بکەن کە بەگوێرەی راگەیێندراوە فەرمییەکان، زانیاریی هەواڵگری دەدەنە سوپای پاسداران.
 
وڵاتانی نێو ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە ماوەی مانگی ئاداری رابردوودا 9 تۆڕی سیخوڕییان ئاشکرا کردووە کە بە گوتەی دەزگا ئەمنییەکان کاریان بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان کردووە.
 
ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وا نیشان دەدەن کە ژمارەی ئێرانییەکانی نیشتەجێی وڵاتانی کەنداو لە ساڵی 2021 دا سەرووی 440 هەزار کەس بووە، لەوانە 375 هەزاریان نیشتەجێی ئیمارات بوونە.
 
رۆژی 30 ئاداری رابردوو، وەزارەتی نێوخۆی بەحرێن دەستگیرکردنی شانەیەکی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی راگەیاند کە لە سێ کەس پێکدەهات و بەگوێرەی بەیاننامەی ئەو وەزارەتە، دەستگیرکراوەکان لە لوبنان مەشقی سەربازییان بینیوە. ئەو شانەیە وەکو بەیاننامەکە دەڵێت، لەژێر ناوی کاری خێرخوازیدا هاوکاریی داراییان کۆکردووەتەوە و لەپاڵ ئەوەشدا وێنە و زانیارییان دەربارەی دامەزراوە هەستیارەکان بۆ دەرەوەی وڵات ناردووە. وەزارەتی نێوخۆی بەحرێن لە رۆژانی 12 و 15ی ئاداریشدا دەستگیرکردنی دوو شانەی دیکەی راگەیاندبوو کە گوایە لە پەیوەندیدا بوونە لەگەڵ سوپای پاسداران.
 
لە کوێتیش، رۆژی 25ی ئاداری رابردوو شانەیەکی شەش کەسی دەستگیرکران کە گوایە پلانیان هەبووە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بکەنە ئامانج، بەڵام ئەو تۆڕەی کوێت زۆر لەوە گەورەتر بووە کە دەستگیرکراون، چونکە بەپێی دەزگا ئەمنییەکان 14 ئەندامی دیکەی ئەو تۆڕە لەوکاتەدا لە دەرەوەی وڵات بوون. لە دوو ئۆپەراسیۆنی پێشتریشدا لە رۆژانی 16 و 18ی ئادار دوو شانەی دیکە پووچەڵ کرانەوە کە دەزگا ئەمنییەکان دەڵێن پلانیان هەبووە لە دامەزراوە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە بدەن.
 
لە ئیماراتی عەرەبی، رۆژی 20ی ئادار تۆڕێکی دیکە ئاشکرا کرا کە لەژێر رووپۆشی بازرگانیدا کاریان کردووە و وەکو دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە، ئەو تۆڕە خەریکی سپیکردنەوەی پارە و رەوانەکردنی پارە بوونە بۆ کاری تیرۆریستی. پێش ئەویش لە قەتەر، لە رۆژی سێی ئاداری رابردوودا دوو شانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران کە سەرجەم 10 تۆمەتبار بوون و وا بڵاوکرایەوە کە زانیاریی هەواڵگرییان لەسەر دامەزراوە ئابوورییە هەستیارەکان کۆکردووەتەوە و مەشق و راهێنانیان بینیوە لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی درۆن بۆ وێرانکاری.
 
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی 35 رۆژی ئەم جەنگەدا و هەتا دوایین ساتەکانی رۆژی هەینی 5819 مووشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو و شانشینی ئوردن کردووە.
 
ئیمارات: 498 مووشەک و 2085 درۆن.
 
کوێت: 328 مووشەک و 690 درۆن
 
عەرەبستانی سعودی: 87 مووشەک و 883 درۆن
 
بەحرێن: 188 مووشەک و 445 درۆن
 
قەتەر: 216 مووشەک و 102 درۆن و دوو هێرشیش بە فڕۆکەی جەنگی لە جۆری سوخۆی 24.
 
ئوردن: 278 مووشەک و درۆن
 
عوممان: 19 درۆن.    
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاشماوەی بۆردوومانی تەلئەڤیڤ لەلایەن ئێرانەوە. وێنەکە: AFP

ئیسرائیل: بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانەوە کەسێک بریندار بوو

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانییان بەرپەرچی چەندین مووشەکی ئاراستەکراوی ئێرانی داوەتەوە؛ تیمی فریاگوزارییەکانی ئەو وڵاتەش برینداربوونی کەسێکیان لە ئەنجامی هێرشەکاندا پشتڕاستکردەوە.