رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 38ـەمین رۆژی ئەو جەنگەیە کە لە 28ی شوبات لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستیپێکرا.
مووشەکی ئێرانی 2 کەسی لە ئیسرائیل کوشت
دەزگای ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی ئێرانی بەسەر باڵەخانەیەکی 7 نهۆمیدا لە شاری حەیفای باکووری ئیسرائیل، 2 کەس کوژراون و تیمەکانیش بەدوای 2 کەسی دیکەی بێسەروشوێندا دەگەڕێن کە لەژێر داروپەردوو ماون.
بۆردوومانی تاران
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەپۆلێکی دیکەی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر "ئامانجەکانی رژێم" لە تاران تەواو کردووە. میدیا ناوخۆییەکانی ئێرانیش باس لە چەندین هێرش بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکان دەکەن، بەهۆی هێرشێکیش بۆ سەر زانکۆیەک، کارەبا و گاز لە بەشێکی پایتەخت بڕا.
ئێران هەڕەشەی وێرانکەرتر دەکات
فەرماندەیی ناوەندی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران هۆشداریی دا، "ئەگەر هێرش بۆ سەر ئامانجە سڤیلەکان دووبارە ببنەوە، قۆناخەکانی داهاتووی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەمان زۆر وێرانکەرتر و بەرفراوانتر دەبن." ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی سڤیلی ئێرانی کردبوو.
هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداو
سوپای کوێت و وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایانگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان خەریکی بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکی و درۆنین کە ئاراستەی وڵاتەکانیان کراون.
مووشەکبارانی حیزبوڵڵا
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، گورزە مووشەکێکی ئاراستەی شارۆچکەکانی باکووری ئیسرائیل کردووە.
نرخی نەوت 110 دۆلاری تێپەڕاند
بەهۆی بەردەوامیی جەنگ و مەترسی لەسەر دابینکردنی وزەی جیهان، بەیانیی دووشەممە نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە. نەوتی برێنت گەیشتە 110.30 دۆلار (1.16% بەرزبووەوە) و نەوتی تێکساس گەیشتە 113.62 دۆلار (1.86% بەرزبووەوە).
15 کوژراو لە لوبنان
بەرپرسانی تەندروستیی لوبنان رایانگەیاند، رۆژی یەکشەممە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لانیکەم 15 کەس کوژراون و 39 کەس بریندار بوون. لەنێویاندا، 5 کوژراو و 52 بریندار لە گەڕەکی جناح لە بەیرووت و 7 کوژراو لە شارۆچکەی کفەر حەتا بوون.
ترەمپ وادەکەی درێژکردەوە
ترەمپ لە پۆستێکی کورتدا لە تۆڕی (Truth Social) نووسیویەتی، "سێشەممە، کاژێر 08:00ی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا!" کە دەکاتە 03:00ی بەیانیی چوارشەممە بە کاتی هەولێر و 03:30ی بەیانی بە کاتی تاران، پێدەچێت بەمە 24 کاژێر مۆڵەتەکەی درێژکردبێتەوە بۆ ئێران تاوەکو تەنگەی هورمز بکاتەوە یان رووبەڕووی وێرانکاری ببنەوە.
هەڕەشەی دۆزەخ و وەڵامی ئێران
ترەمپ هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هورمز نەکرێتەوە "دۆزەخ" بە رووی ئێراندا دەکاتەوە و پرد و وێستگەکانی کارەبا وێران دەکات. لە وەڵامدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی ئەم "هەنگاوە بێباکانە" دەبێتە هۆی ئەوەی "تەواوی ناوچەکەمان بسووتێت."
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن
ترەمپ رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی "دەرئاسا" و بە بەشداریی "دەیان" فڕۆکە، فڕۆکەوانە بێسەروشوێنبووەکەیان (کە بە سەختی بریندارە) رزگار کردووە. میدیاکانی ئەمریکا NYT و CBS ئاشکرایان کرد کە کۆماندۆکانی ئەمریکا چوونەتە قووڵایی خاکی ئێران و فڕۆکەخانەیەکی چۆڵکراویان لە ئیسفەهان بەکارهێناوە. دوو فڕۆکە کە بڕیار بوو تیمی رزگارکردنەکە بگەڕێننەوە، لە ئێران گیریان خواردووە و ئەمریکا ناچار بووە خۆی لەنێویان ببات بۆ ئەوەی نەکەونە دەست ئێران. لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئێران باسی لەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکایان "بە تەواوی پووچەڵ کردووەتەوە."
ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنان زیاد دەکات
هاوپەیمانیی نەوتی (OPEC+) رێککەوت لە مانگی ئایارەوە رۆژانە 206 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێنان زیاد بکات. هاوپەیمانییەکە هۆشداریدا کە نۆژەنکردنەوەی ئەو دامەزراوە نەوتییانەی لە هێرشەکاندا وێران بوون، کاتێکی زۆر و تێچووی زۆری دەوێت.
پێکانی فڕۆکەخانەیەکی ئێران
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "قاسم سولەیمانی" لە باشووری رۆژئاوای ئێرانی پێکاوه.
پاپا داوای ئاشتی دەکات
پاپا لیۆی چواردەیەم، لە یەکەمین پەیامی جەژنی هەستانەوەدا لە ڤاتیکان، داوای لەوانە کرد کە "دەسەڵاتی هەڵگیرساندنی جەنگیان هەیە، ئاشتی هەڵبژێرن." گوتیشی، "ئێمە خەریکە رادێین لەگەڵ توندوتیژی و بێباک دەبین بەرامبەر مەرگی هەزاران کەس."
رێکارەکانی ئیسرائیل لە قودس-ئۆرشەلیم
هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کۆتوبەندی تووندیان لە بەردەم رۆیشتن بۆ کەنیسەی قیامە لە رۆژهەڵاتی قودس سەپاند. کۆڵانەکانی شاری کۆنی قودس لە جەژنی هەستانەوەدا بە شێوەیەکی نائاسایی بێدەنگ بوون، چونکە جەنگەکە تارمایی بەسەر جەژنەکەدا کێشابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ