رووداو دیجیتاڵ
شانشینی بەحرەین رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە و دەوڵەتانی ناوچەکە، توانیویانە 95 مووشەک و 164 درۆن تێکبشکێنن.
فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرەین، ئەمڕۆ دووشەممە ئاماژەی بەوە کرد، بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ پێکانی شوێنی سڤیلنشین و تایبەت، "پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
جەختیشی کردەوە ئەم هێرشە هەڕەمەکییانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.
هێزی بەرگریی بەحرێن دەڵێت، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلە هێرشانەی ئێران کە دەیانکاتە سەر ناوچە جیاجیاکانی بەحرێن.
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە هاووڵاتییان کراوە، ئەوپەڕی وریابن و لەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە یان هەر تەنێکی گوماناوی دووربکەونەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێرشێکی درۆنیی ئێران زیانی بە وێستگەیەکی شیرینکردنی ئاوی دەریا گەیاندووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی تاران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو ئەنجامیان دەدات.
پێشتر تاران ئەمریکای تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە بنکەیەکی سەربازییەوە لە خاکی بەحرێن، هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو لە نێو خاکی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ