فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا ئاسمانی ئیمارات دەپارێزن و چەند درۆنێک دەخەنە خوارەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانیان دەستیان بە پاراستنی ئاسمانی ئیمارات کردووە، هەروەها چەند درۆنێکیان لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خستووەتە خوارەوە.
 
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەریتانیا رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە، بەتایبەت لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و حکومەتی قوبرس، بەهۆی ئەوەی کاردانەوەی بۆ جەنگەکە "خاو" بووە.
 
ژمارەیەکی دیکە لە فڕۆکە بۆمبهاوێژە زەبەلاحەکانی ئەمریکا (B-52) لە بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد لە باشووری رۆژئاوای بەریتانیا نیشتوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی یەکەم فڕۆکە رۆژی هەینی گەیشتە ئەوێت.
 
جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگەی بە ئەمریکا داوە بنکەکانی فێرفۆرد و دیێگۆ گارسیا بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنی بەرگریی دیاریکراو دژی ئێران" بە ئامانجی تێکشکاندنی مووشەکەکانی ئێران لە بنکەکانیاندا.
 
هیلی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، "ئێستا شانشینی یەکگرتوو فڕۆکەکانی بۆ مەبەستی بەرگریکردن لە ئیمارات بەکاردەهێنێت؛" گوتیشی: "فڕۆکەکانی جۆری تایفۆن توانیویانە 2 درۆن بە سەرکەوتوویی بخەنە خوارەوە، یەکێکیان لە ئاسمانی ئوردن و ئەوی دیکەشیان بەرەو بەحرێن دەڕۆیشت."
 
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وەک "رێکارێکی خۆپارێزی"، بەشێوەیەکی کاتی، خێزانی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە ئیمارات دەکشێنێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هەردوو باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ئەبوزەبی و دووبەی "وەک ئاسایی بەردەوام دەبن لە کارکردن."
 
پێشبینی دەکرێ هەزاران هاووڵاتیی بەریتانی لە ئیمارات گیریان خواردبێت، ئەوەش بەهۆی تێکچوون و راگیرانی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی جەنگەکەوە. وەزیری بەرگری بە پەرلەمانتارانی راگەیاند کە زیاتر لە 170 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوی خۆیان لای حکومەتی بەریتانیا تۆمارکردووە.
 
هیلی باسی لەوە کرد کە هێلیکۆپتەرەکانی جۆری وایڵدکات و مێرلین گەیشتوونەتە قوبرس، هەروەها کەشتیی جەنگیی  ئێچ ئێم ئێس دراگۆن کە توانای بەرگریی ئاسمانیی هەیە، لە "2 رۆژی داهاتوودا" دەگاتە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست. ئەمەش دوای رەخنەکانی قوبرس هات کە گوتبووی بەریتانیا بە خێرایی نەجووڵاوە بۆ پاراستنی دوورگەکە.
 
پێشتر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردبووەوە کە گوایە بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئێچ ئێم ئێس پرینس ئۆف وەیڵس بۆ ناوچەکە.
 
بەرپرسان دەڵێن رۆژی یەکشەممە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر جەنگەکە کردووە. پێشتر ترەمپ رەخنەی تووندی لە ستامەر گرتبوو بەهۆی ئەوەی سەرەتا رەتیکردبووەوە هیچ رۆڵێک ببینێت لەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی شوباتەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دوورگەکە

دوورگەی خارگ؛ ئەو شاڕەگە نەوتییەی ئێران کە ئەمریکا و ئیسرائیل نایانەوێت بیپچڕێنن

لە ناوەندی ململانێیەکی تووندی هەرێمیدا، کە رۆژ لە دوای رۆژ ئاگرەکەی کڵپە دەسێنێت، دوورگەیەکی بچووکی مەرجانی لە باکووری کەنداو وەک "هێڵی سوور" و پارێزراوترین ناوچەی ئێران ماوەتەوە. دوورگەی خارگ، کە بە شاڕەگی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەی ئاسانترین ئامانجە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەڵمەتە سەربازییەکان بەدوور گیراوە. شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم خاڵە هەستیارە، پەردە لەسەر ستراتیژیی قووڵی واشنتن بەرامبەر تاران لادەدات.