تورکیا 'هۆشدارییەکی تووند' دەداتە ئێران

41 خولەک له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە بەرەو تورکیا هەڵدرابوو، لە ئاسمانی پارێزگای دیلۆک تێکشکێندرا. دەشڵێت: "بە تووندی هۆشداری دەدەینە ئێران، خۆی لەو کارانە بەدوور بگرێت کە ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە."
 
بورهانەدین دوران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وردەکاریی رووداوەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "مووشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە هەڵدرا و ئاراستەی وڵاتەکەمان کرابوو، لە ئاسمانی قەزای شاهینبەی غازی عەنتاب (دیلۆک)، لەلایەن یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ناتۆوە لە کاتی خۆیدا تێکشکێندرا." ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێنەکەوتووەتەوە.
 
دوران راشیگەیاند، دوای ئەو هەوڵە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا و هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە هاوئاهەنگیی تەواو رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتەبەر. گوتوویەتی: "ئیرادە و توانای دەوڵەتمان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاسمان و سنوورەکانمان لە بەرزترین ئاستدایە."
 
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "زۆر گرنگە گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر نەبن و پێکدادانەکان تەشەنە نەسێنن. جارێکی دیکە بە تووندی هۆشداری دەدەینە هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی ئێران، کە خۆیان لەو کارانە بەدوور بگرن کە ئاسایشی ناوچەکە و خەڵکی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بورهانەدین دوران داوای لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد وریای "زانیارییە چەواشەکارەکان" بن کە دەبنە هۆی دروستکردنی ترس لەنێو رای گشتیدا و گوتی: "تەنیا پشت بەو راگەیێندراوانە ببەستن کە لەلایەن دەسەڵاتە فەرمییەکانمانەوە دەکرێن."
 
لە سەرتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل ل گەڵ ئێران لە 28ی شوباتدا، ئەمە دووەم مووشەکی بالیستییە ئاراستەی خاکی تورکیا دەکرێت و لەلایەن سیستمەکانی ناتۆوە دەخرێتە خوارەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: Alex Brandon/AP

ترەمپ: بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕ بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەنیاهوو دەدەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران بە "هاوئاهەنگی" لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر من و نەتەنیاهوو نەبووینایە، ئێران ئیسرائیلی لەنێودەبرد."