رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە هێرشکردنە سەر خاکی عێراقیش لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت "قبووڵنەکراوە".
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای پەیوەندییەکەدا، سوودانی بەناوی حکومەت و گەلی عێراقەوە سەرەخۆشیی خۆی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاراستەی پزیشکیان و گەلی ئێران کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
سوودانی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێرانی کرد و گوتی: "عێراق رژدە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی ناوچەکە و ئامادەیە بۆ هەر هەوڵێک بە مەبەستی کۆتایهێنان بە شەڕ و گەڕانەوە بۆ زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "لەو کاتەی حکومەتی عێراق رژدە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەروەریی ئێران و رێگە نادات هیچ لایەنێک خاکی عێراق وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت، لە هەمان کاتدا ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکی عێراق بە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی وڵات دەزانین."
سوودانی راشیگەیاند، هێرشکردنە سەر عێراق کارێکی "ناپەسندە" و ئەو هەوڵانە لاواز دەکات کە بەغدا بۆ راگرتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ دەیاندات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ