رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە هاووڵاتیانی ئێران و کارمەندانی بەندەرەکان، لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە سوپای پاسداران بۆ مەبەستی سەربازی بەکاریان دەهێنێت، چونکە دەبنە ئامانجی هێرشەکان.
رۆژی چوارشەممە 11-03-2026، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەندەرە سڤیلەکانی سەر تەنگەی هورمز بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەکاردەهێنێت، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر بازرگانیی نێودەوڵەتی و ژیانی خەڵکی بێتاوان. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بەندەرە سڤیلانەی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێن، سیفەتی پارێزراوی لەدەست دەدەن و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبنە "ئامانجی رەوای سەربازی."
هێزەکانی ئەمریکا داوایان لە هاووڵاتانیی ئێران کردووە بە خێرایی لەو بەندەرانە دووربکەونەوە، کە هێزە دەریاییەکانی ئێرانی لێ جێگیر کراوە. هەروەها هۆشداری دراوەتە کرێکارانی بەندەرەکان، فەرمانبەرانی کارگێڕی و ستافی کەشتییە بازرگانییەکان کە بە تەواوی لە کەشتییە جەنگییەکان و کەرەستە سەربازییەکانی ئێران دووربکەونەوە، چونکە هێزە دەریاییەکانی تاران بە ئەنقەست کەرەستە سەربازییەکانیان لەنێو بەندەرە سڤیلەکاندا جێگیر کردووە.
سێنتکۆم جەختی کردەوە، سوپای ئەمریکا هەموو رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیان بۆ سەر کەسانی سڤیل، بەڵام ناتوانێت گەرەنتیی سەلامەتیی کەس بدات لەو شوێنانەی کە رژێمی ئێران بۆ مەبەستی جەنگ بەکاریان دەهێنێت.
ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، جەنگەکە بەرەو تەواوبوون دەچێت و توانای مووشەکیی تاران 90% دابەزیوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا 16 بەلەمی مینڕێژکەری ئێرانیان تێکشکاند، ئێستا بیر لە "کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی تەنگەی هورمز" دەکاتەوە.
ئێستا تاران بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە تەنگەکە، رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی قووڵ بووەتەوە و نرخی نەوت تاوەکو 120 دۆلار رۆیشت.
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا هۆشداری داوە، هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز 97% کەمی کردووە، ئەوەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی وزە و خۆراک لە جیهاندا.
سێنتکۆم دووپاتی دەکاتەوە، تاوەکو راماڵینی تەواوەتیی مەترسییەکانی تاران بۆ سەر گەشتی دەریایی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ