بوومەلەرزە کاریگەریی لەسەر 24.4 ملیۆن کەس دروستکردووە

12-02-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
جینان و عەبدۆ بەهۆی بوومەلەرزە ئەندامانی خێزانەکەیان لەدەستداوە و قاچیشیان شکاوە
جینان و عەبدۆ بەهۆی بوومەلەرزە ئەندامانی خێزانەکەیان لەدەستداوە و قاچیشیان شکاوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جینان سیری تەمەن پێنج ساڵ و برا بچووکەکەی بە ناوی عەبدۆ، ئێستا لە شارۆچکەی حارم لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا لەژێر چاودێریی پزیشک دان و ئەندامەکانی دیکەی خێزانەکەیان مردوون. خێزانەکەی جینان و عەبدۆ، بەشێکن لەو نزیکەی 24 ملیۆن کەسەی بەپێی نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی بوومەلەرزەوە کاریگەربوون.
 
جینان سیری، رزگاربووی بوومەلەرزە باسی ساتی رووداوە دڵتەزێنەکە دەکات، دەڵێ "خانووەکە بەسەرماندا رووخا. باوکم دایکمی لەخەو هەڵساند و خانووەکە بەسەر من و براکەم (عەبدۆ)ـدا رووخا". 
 
جینان دەڵێ "دایک و باوکم، هەموو خوشکەکانم مردن". پەیامنێر دەپرسێت، ئەی کێ ماوەتەوە، لە وەڵامدا دەڵێ "تەنیا من و عەبدۆ". ئەو خوشک و برایە، دوای دوو رۆژ لەژیر داروپەردووی خانووەکەیاندا رزگارکران.
 
حەسەن جولاق، پزیشکە و باسی دۆخی تەندروستیی خوشک و براکە دەکات، دەڵێ "دۆخەکە هەڵسەنگاندی بۆکرا، چونکە قاچی شکاوە. پشکنینی گشتی بۆکرا و چارەسەری وەرگرتووە. ئەوان ئێستا باشن، سوپاس بۆ خودا. ئەوان هێشتا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن".
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر 24.4 ملیۆن کەس لە رووبەرێکی 450 کلیۆمەتری لە باکووری کوردستان و تورکیا و 250 کیلۆمەتری لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبووە، کە 1.4 ملیۆنی ئەو ژمارەیە منداڵ و مێرمنداڵن.
 
ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە تورکیا لە ئەدەنەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە ئامەد لە باکووری کوردستان. لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە جندرێسەوە دەستپێدەکات تاوەکو نزیک عەین عیسای رەققە. ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 5.3 ملیۆن کەس بێ ماڵوحاڵ ماونەتەوە یان ئاوارە بوون.
 
پێش روودانی بوومەلەرزەکە، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 6.5 ملیۆن منداڵ و مێرمنداڵ پێویستییان بە هاوکاری مرۆیی بوو، پێشبینی دەکرێت ئێستا نزیکەی 7 ملیۆن منداڵ پێویستیان بە هاوکاری بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە