نەتەنیاهوو و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆبوونەوە

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نووسینگەکەی خۆی لە قودس/ئۆرشەلیم، پێشوازی لە تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ سووریا کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندێکی باڵای ئیسرائیلی یاوەریی نەتەنیاهوویان کرد کە پێکهاتبوو لە جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوە؛ گیل رایک، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە وەکالەت؛ جەنەراڵ رۆمان گۆفمان، سکرتێری سەربازی و یەخیئێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن. 
 
لە بەرامبەردا، شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی تۆم باراک، ئەندامێتیی هەریەک لە مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل و ئاریێ لایتستۆن، راوێژکاری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەخۆگرتبوو.
 
باراک، کە هاوکات پۆستی نێردەی تایبەتی ئەمریکای بۆ لوبنانیش هەیە، سەردانەکەی لە کاتێکدایە کە واشنتن بەم دواییانە لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە حکومەتی لوبنانی ئاگادارکردووەتەوە لە ئەگەری هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە داهاتوویەکی نزیکدا. 
 
بەگوێرەی هۆشدارییەکە، ئەم هەنگاوە سەربازییە تەنیا لە کاتێکدا رادەگیرێت کە حکومەتی بەیروت هەڵمەتێکی جیددی و کاریگەر بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا و جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان دەستپێبکات.
 
باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی نووسیویەتی، "گفتوگۆی بنیاتنەر لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی."
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی تایبەت بە ناوچەکە باسییان لێوە کراوە و بەشێکی زۆری کۆبوونەوەکە تایبەت کراوە بە سووریا. 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی i24newsـی ئیسرائیلی، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ترسی هەیە لەوەی چالاکییە سەربازییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لەنێو خاکی سووریا، ببێتە هۆی تێکچوونی دۆخی سووریا، هەربۆیە نیگەرانە لەو رەفتارانەی ئیسرائیل. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە