رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکان و کەرتی گومرگی عێراق و سووریا لە دیمەشق کۆدەبنەوە و تاوتوێی کردنەوەی دەروازەی سنووریی وەلید دەکەن کە زیاتر لە 11 ساڵە داخراوە.
کۆبوونەوەکە لەنێوان قوتەیبە بەدەوی، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی سووریا و شاندێکی عێراق بوو بە بەشداریی سامی عەبدولحوسێن، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق و عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بووە.
دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی عێراق لە راگەیێنراوێکدا گوتی، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەوە کراوە کە پەلە بکرێ لە کردنەوەی دەروازەی سنووریی تەنەف - وەلید لەنێوان هەردوو وڵات.
ئەو دەروازەیە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی داعش داخراوە کە تاوەکو ئەو کاتە یەکێک بوو لە دەروازە سەرەکییەکەی نێوان پارێزگای ئەنبار لە عێراق و حومس لە سووریا.
پێشتر لە 4ی کانوونی یەکەمی 2025، موجاهید دلێمی، بەڕێوەبەری ناحیەی وەلید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی گرێبەستی بونیاتنانەوەی، دەروازەکە چوار مانگی پێدەچێت و دواتر دەکرێتەوە.
عێراق سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ سووریا هەیە کە دووانیان داخراون: رەبیعە و وەلید. هاتووچۆ لەنێوان هەردوو وڵات لە دەروازەی قائیمەوە دەکرێ. ئەگەر دەروازەی وەلید بکرێتەوە دەبێتە نزیکترین رێگە لە گەشتی نێوان سووریا و عێراق.
شاندەکەی عێراق و سووریا تاوتوێی ئەوەیان کردووە کە دەروازەیەکی نوێ لە ناوچەی ئەلبوکەمال دروست بکەن لەبری دەروازەکەی ئێستا کە قائیمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ