ئەردۆغان: دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار مەترسیدارە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شازدەیەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتاندا کە ئەمڕۆ سێشەممە 16-12-2025 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد. ئەردۆغان لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد و دواخستنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری بە "مەترسیدار" ناوبرد.

سەرۆککۆماری تورکیا، ئیسرائیلی بە "مەترسیدارترینی سەر سووریا" ناوبرد و گوتی: "هەوڵە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە سووریا، ئێستا گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئاسایشی هەمیشەیی و سەقامگیریی ئەو وڵاتەن. بوونی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە، کێشەیەکی دیکەیە".
 
ئەردۆغان: دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار مەترسیدارە
 
رێککەوتنی 10ی ئادار کە لەلایەن مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆکراوە و چەندین جار ئەنقەرە داوای لەو دوو لایەنە کردووە خاڵەکانی جێبەجێ بکەن، ئەمجارەش لە رۆژەڤدا بوو و ئەردۆغان گوتی: "ئاگاداریی پێویست بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار دەدەین کە لە ئەگەری دواکەوتنی مەترسیی بوونە قەیرانی هەیە. روونە کە دابەشبوون و لاوازبوونی یەکێتیی نیشتمانیی سووریا لە بەرژەوەندیی کێیە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 19ی ئەم مانگەش لەبارەی ئەو رێککەوتنەی رۆژی 10-3-2025 لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا واژۆکرا رایگەیاند، ئەگەر لەسەر بنەمای وەفا بۆ بەڵێن، رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن، ئەوە گرێیەکی گەورە دەبێتەوە. هەروەها بە پێویستی زانی رێککەوتننامەکە بە ئارامی جێبەجێ بکرێ.
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی دیمەشق دووپاتکردەوە و گوتی: "ئێمە هەزار ساڵە لێرە بەیەکەوەین و دراوسێین. پشتیوان بە خودا، تا قیامەت لێرە دەبین و بەیەکەوە دەژین. هیچ کەسێک ناتوانێ ئۆباڵی فریوخواردن بەرامبەر یاریی ئەو کەسانە بگرێتەئەستۆ کە مشەخۆری سەر خوێنی موسڵمانانن".
 
ئەردۆغان: لە سووریا 600 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا
 
ئەردۆغان ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 600 هەزار کەس لە سووریا کرد و گوتی: "هەموومان گەواهیدەری ئەو راستییە تاڵە بووین لە ناوەندەکانی ئەشکەنجەدانی وەک سیدنایا، سەدان هەزار کەس ئازار و ئەشکەنجەیان بینی و ملیۆنان سووریایی وڵاتەکەیان جێهێشت. لە کاتێکدا 13 ساڵ و نیو کۆمەڵکوژی بەردەوام بوو، 13 ساڵ و نیو بۆمبی بەرمیلی بەسەر خەڵکی سڤیلدا دەبارین، جگە لە چەند وڵاتێکی خاوەن ویژدان، دەنگی هیچ کام لەوانە نەدەبیسترا کە خۆیان کردووەتە داکۆکیکاری دیموکراسی و مافی مرۆڤ. هیچمان ئەو دیمەنە نامرۆییانەمان لەبیرنەچووەتەوە کە لە سنوورەکان دەبینران. دیمەنی ئەو بەلەمانەمان لەبیرنەچووەتەوە کە کون دەکران، ژێرئاو دەخران و بەرەو وڵاتەکەمان پاڵیان پێوە دەنرا. ئەو هەزاران منداڵە سووریاییەمان لەبیرنەچوونەتەوە کە لە پایتەختەکانی ئەورووپا ونبوون".
 
ئەردۆغان: 580 هەزار کەس لە وڵاتەکەمانەوە گەڕاونەتەوە سووریا
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی گرنگیی ئاوەدانکردنەوەی سووریا و قۆناخی داهاتووی ئەو وڵاتە گوتی: "بە رووخانی رژێمی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەرگەی دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەم سووریا کرایەوە. بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرعی سەرۆککۆمار، لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی جیدی بۆ تێکەڵبوونەوەی سووریا بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نراوە. تەنیا لە وڵاتەکەمانەوە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوە سووریا گەیشتووەتە 580 هەزار کەس. بێگومان گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، پارێزراو و سەربەرزانەی کۆچبەرانی سووریایی تاوەکو کەشی ئارامی لە سووریا جێگیرتر بێت، خێراتر دەبێت. بەڵام وا دیارە ئەمە کاتێکی زیاتری پێویستە. کردەوە دەستدرێژیکارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، ئێستا گەورەترین ئاستەنگن لەبەردەم ئاسایش و سەقامگیریی هەمیشەیی ئەو وڵاتە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە