حەماس: هیوادارین کۆبوونەوەکەی مەیامی کۆتایی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بێنێت

دوێنێ کاژێر 07:38
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس دەڵێ، ئەو کۆبوونەوانەی بڕیارە لە شاری مەیامی لە ئەمریکا بکرێن، دەبێت ببنەهۆی ئەوەی ئیسرائیل چی دیکە ئاگربەست نەشکێنێت و کۆتایی بە هێرشەکانی بێنێت.
 
باسیم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئەمڕۆ هەینی گوتی: "خەڵکی ئێمە چاوەڕێ دەکەن لەم کۆبوونەوانەدا رێککەوتن بکرێ بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دابنرێ و ناچاری بکەن پابەندی رێککەوتنەکەی شەرەم شێخ بێت."
 
کۆبوونەوەکە لە کوێیە و کێ بەشدارە؟
 
ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا میوانداریی ئەم گفتوگۆیانە دەکات.
 
بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی قەتەر، میسر و تورکیا کۆببێتەوە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی "قۆناخی دووەم"ـی رێککەوتنەکە بکەن.
 
قەتەر و میسر کە نێوەندگیری دەکەن، داوا دەکەن بەپەلە قۆناخی دووەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ جێبەجێ بکرێ.
 
قۆناخی دووەم چی تێدایە؟
 
1-  حەماس چەکەکانی رادەست دەکات.
 
2- سوپای ئیسرائیل لەو شوێنانەی ئێستا لێیەتی لە غەززە دەکشێتەوە.
 
3- حکومەتێکی کاتی بەڕێوەبردنی غەززە دەگرێتە دەست.
 
4- هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایش لە غەززە بڵاوەی پێدەکرێ.
 
دۆخەکە هێشتا مەترسیدارە
 
وێڕای ئەوەی لە تشرینی یەکەمی 2025ـەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام دۆخەکە ناجێگیرە و هەردوولا یەکدی بە شکاندنی ئاگربەستەکە تۆمەتباردەکەن.
 
میسر دەڵێ، دەبێت بەپەلە قۆناخی دووەم دەستپێبکات، بەڵام بە مەرجێک سەرەتا رێگری لە پێشێلکارییەکان بکرێ. 
 
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر گوتی: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار بکات بۆ وەستاندنی ئەو پێشێلکارییانەی رۆژانە روودەدەن."
 
داواکارییەکانی حەماس
 
حەماس داوا دەکات لە کۆبوونەوەکاندا باس لەمانەش بکرێ:
 
1- کردنەوەی دەروازەی رەفەح و هاتنی هاوکاریی مرۆیی.
 
2- نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی غەززە.
 
3- دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان خۆیان فەرمانڕەوایی خۆیان بکەن و دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت.
 
قوربانییەکان
 
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لەوەتەی ئاگربەست دەستیپێکردووە، واتە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە، 395 فەڵەستینی بە دەستی سوپای ئیسرائیل کوژراون. لە بەرامبەردا سێ سەربازی ئیسرائیلیش کوژراون.
 
ئیسرائیلیش دەڵێ، تاوەکو تەرمی دوایین بارمتەی خۆی وەرنەگرێتەوە، دەست بە گفتوگۆی قۆناخی دووەم ناکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە