رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس نزیکەی 7 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی بانگهێشت کردووەتەوە و پێنج پارێزگاری خۆجێیی نوێیشی دەستنیشان کردوون کە سەرجەمیان پێشینەی سەربازییان هەیە، بەمەبەستی کۆنترۆلکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە سوپای ئیسرائیل بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، تێیدا کشاونەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی ئینگلیزی کە لە سەرچاوە خۆجێیەکانی نێو کەرتی غەززە وەریگرتوون، فەرمانی سەربازییەکەی حەماس لە رێگەی پەیوەندی و پەیامی تەلەفۆنییەوە بۆ چەکدارەکان نێدراوە و فەرمانیان بە چەکدارەکان کردووە لە ماوەی 24 کاژێردا خۆیان ئامادە بکەن بە ئامانجی "پاککردنەوەی غەززە لە یاخیبووان و هاوکاریکارانی ئیسرائیل." لەدوای ئەو فەرمانەش، یەکەکانی چەکدارانی حەماس لە چەند ناوچەیەکی غەززە، بڵاوەیان پێکراوە و هەندێکی بە جلوبەرگی سڤیل هاتووچۆ دەکەن و هەندێکیشیان بە جلی شینی پۆلیسی غەززەوە بینراون.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی بی بی سی، گرژییە نێوخۆییەکانی کەرتی غەززە لەدوای ئەوە پەرەیسەندووە، دوو ئەندامی هێزە تایبەتەکانی حەماس لە گەڕەکی سەبرا لە شاری غەززە لەلایەن چەکدارانی خێڵی دوغمووشەوە کوژران.
یەکێک لە قوربانییەکان کوڕی عیماد عەقیل بوو کە فەرماندەیەکی باڵایە لە باڵی چەکداری حەماس و سەرۆکی ئێستای دەزگای هەواڵگری سەربازی ئەو بزووتنەوەیە. کوژرانیان تووڕەیی لەنێو ریزەکانی حەماس دروستکردووە و ترسی ئەوەش هەیە ئەو رووداوە، پێکدادانی گەورەی نێوخۆیی بەدوادا بێت.
دوای هێرشەکە، هێزەکانی حەماس ناوچەیەکیان گەمارۆدا و بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، چاوەڕێ دەکرێت ئەو ناوچەیە زیاتر لە 300 چەکداری دوغموشی تێدابێت.
خێڵی دوغموش ماوەیەکی زۆرە گروپێکی بەهێز و پڕ چەک بوون لەنێو کەرتی غەززە و زۆرجار لەسەر خاک و هەژموونیان لەگەڵ حەماس رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە خۆجێیەکان، چەکدارانی حەماس بەیانی رۆژی یەکشەممە ئەندامێکی خێڵەکەیان کوشتووە و نزیکەی 30 کەسی دیکەشیان دەستگیرکردووە. حەشارگەی چەک و تەقەمەنی خێڵی دوغموش بردووە.
بەرپرسێکی حەماس لە دەرەوەی وڵات کە نەویستووە ناوی ئاشكرا بکرێت بە (بی بی سی) راگەیاندووە، رێکارە نوێیەکانی حەماس پێویستن، تاوەکو سەقامگیریی و ئاسایش بگەڕێتەوە کەرتەکە و گوتیشی، "ئێمە ناتوانین غەززە بەجێبهێڵین و بیخەینە ژێر رەحمەتی دز و میلیشیاکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل. چەکەکانمان یاسایین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی و تاوەکو ئەوکاتەی داگیرکاریەکە بەردەوام بێت، چەکەکانیش دەمێننەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا ئەفسەرێکی پێشووی ئاسایشی دەسەڵاتی فەلەستینی هۆشداری دا لەوەی ئەو بانگهێشتکردنەی حەماس، لەوانەیە شەپۆلێکی نوێی خوێنڕشتنی نێوخۆیی لەنێو کەرتەکە لێبکەوێتەوە.
ئەو ئەفسەرەی پێشووی فەلەستین دەڵێت، "غەززە پڕیەتی لە چەک. تاڵانکەران هەزاران چەک و تەقەمەنییان لە کۆگاکانی حەماس بردووە." ئەمە باشترین کەرەستەیە بۆ شەڕی ناوخۆ: چەک، نائومێدیی، ئاژاوە و بزووتنەوەیەکیش کە دەیەوێت کۆنترۆڵی دانیشتوانێکی تێکشکاو و ماندوو بکات."
خەلیل ئەبو شەمەلە، شارەزای مافەکانی مرۆڤ لە غەززەوە لەبارەیەوە قسەی بۆ بی بی سی کردووە و نیگەرانی دەربڕیووە لەوەی هەوڵەکانی حەماس بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کەرتەکە لەرێگەی سەربازییەوە، رەنگە زیان بە هەوڵەکانی ئاشتی بگەیەنێت.
ئەو شارەزا فەلەستینییە گوتیشی، "ترسێکی زۆر لەنێو خەڵکی غەززە هەیە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی و سووربوونی حەماس لەسەر مانەوەی لەسەر دەسەڵات و ئەمەش رەنگە پلانی ئاشتی بخاتە مەترسییەوە و دانیشتوانی غەززە تووشی نەهامەتییەکی گەورەتر بکات."
رێکار و جموجوڵە نوێیەکانی حەماس دوای رێککەوتنی ئاگربەستی ئەم هەفتەیەی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەنێوەندگیریی سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە کۆتایی بە نزیکەی دوو ساڵ لە جەنگی غەززە هێنا کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 67 هەزار فەلەستینی و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەشی ئاوارە کرد.
ئەم هەنگاوەی حەماسیش لە کاتێکدایە، نادڵنیایی لەنێو کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی هەیە بەوەی کێ حوکمی غەززە دەکات دوای کۆتایی هاتنی جەنگ و ئەم پرسەش تەوەرێکی سەرەکی قۆناخی دووەمی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ