قەتەر: پەرەسەندنی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و ئێران کارەساتبار دەبێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی قەتەر هۆشداری دەداتە واشنتن و تاران، کە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی سەربازی لەنێوانیاندا دەرەنجامی "کارەساتبار"ی لێدەکەوێتەوە و رایدەگەیێنێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن.
 
ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رۆژی سێشەممە 13-01-2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دەوحە رایگەیاند، "ئێمە دەزانین هەر جۆرە پەرەسەندنێک دەرەنجامی مەترسیداری لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش دەبێت؛ هەربۆیە دەمانەوێت تاوەکو دەکرێت لەو دۆخە دووربکەوینەوە."
 
ئەم هەڵوێستەی دەوحە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بژارەی هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئێران تاوتوێ دەکات وەک وەڵامێک بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران. لە بەرامبەریشدا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی کردووە، هەر هێرشێک بکرێتە سەریان، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنە "ئامانجێکی رەوا."
 
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرەڕای زمانی هەڕەشە، هێشتا کەناڵێکی دیپلۆماسی لە رێگەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپەوە لە نێوان هەردوولادا کراوەیە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە هێشتا لەو قۆناخەداین کە بڕوامان وایە چارەسەری دیپلۆماسی دەکرێت بەدیبهێندرێت."
 
ئاڵۆزییەکان لە کاتێکدان، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR) کوژرانی 648 کەسی لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی بڕانی ئینتەرنێتەوە مەترسیی ئەوە هەیە ژمارەی راستەقینەی قوربانییان 6 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت.
 
پێشتر لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، کاتێک ئێران لە وەڵامی بۆردومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی، بنکەی سەربازیی "ئەلعودەید"ی ئەمریکی لە قەتەر کردە ئامانج، دەوحە رۆڵێکی سەرەکی لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە ئاگربەست گێڕا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە