تەقینەوەیەکی بەهێز ناوەڕاستی دوبەی هەژاند و دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی شارەکەی گرتووەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چەندین تەقینەوەی بەهێز باڵەخانەکانی ناو جەرگەی شاری دوبەییان هەژاند و دووکەڵێکی زۆر بەسەر ناوچەیەکی سەرەکیی شارەکەدا بووەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 13-03-2026، تەقینەوەیەکی زۆر گەورە لەنێو جەرگەی دوبەی بیسترا. هاوکات، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە لای شەقامی (شێخ زاید) بیسترا، کە شا دەمار و شەقامی سەرەکیی شاری دوبەییە.
 
ئەم تەقینەوانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی پێنجشەممە، درۆنێک لە نزیک ناوچەی دارایی (Financial District) لە دوبەی کەوتە خوارەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئێران هەڕەشەی لێدانی هەموو ئەو ناوەندە ئابوورییانەی کرد کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە، ئەمەش وایکرد چەندین کۆمپانیا دەست بە چۆڵکردن بکەن.
 
لەم جەنگەدا، دەوڵەتی ئیمارات رووبەڕووی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیی تاران بووەتەوە. پێشتریش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی، کە یەکێکە لە گەورەترین فڕۆکەخانەکانی جیهان، لەگەڵ بەندەری شارەکە و چەندین شوێنی دیکەی ستراتیژی کرابوونە ئامانج.
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیمارات هیچ ئامارێکی فەرمییان لەسەر زیانە گیانی و ماددییەکانی تەقینەوەکەی بەرەبەیانی ئەمرۆ بڵاونەکردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە