رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، 25 هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکان، بنکە و بارەگاکانی سوپای ئیسرائیلی لە باکوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل. جگە لە پێگەی سەربازیی دیکە لە نزیک سنووری باشووری لوبنان.
شەوی رابردوو 12ـی ئاداری 2026، حیزبوڵڵا، لە چەند راگەیێندراوێکی یەک لەدوای یەکدا گوتی، هێرشەکان "وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلن کە دەیان شار و شارۆچکەی لوبنانیان پێکاوە، لەنێویاندا باشووری بەیرووت." هێرشەکان لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنی "العصف المأكول"دان کە رۆژی چوارشەممە دەستپێکرد.
رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان، جگە لە بەیروتی پایتەخت و دەوروبەری، 33 کەس گیانیان لەدەستدا و لانیکەم 42 کەسی دیکە برینداربوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزیری تەندروستیی لوبنان، لە 2ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا، سوپای ئیسرائیل 687 کەسی کوشتووە، کە 98یان منداڵ و 18یان کارمەندی تەندروستین، هەروەها هەزار و 774 کەسی دیکەی بریندار کردووە.
حیزبوڵڵا روونیکردەوە، سێ جار بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵگەی جوونشینی کریات شەمۆنە.
هەروەها بە کۆمەڵێک درۆنی دیکەشەوە هێرشی کردووەتە سەر سەربازگەی یەعرا و بنکەی مێرۆن بۆ چاودێری و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە باکووری ئیسرائیل. رایگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە یەکێک لە رادارەکانی بنکەکە.
حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، بە چەندین مووشەکی جۆریی، لە بارەگای یەکەی ئەرکە تایبەتە دەریاییەکانی "شایتێت 13"ی لە بنکەی عەتلیت لە باشووری شاری حەیفا داوە.
راشیگەیاند، دوو جار بە مووشەک، هێرشی کردووەتە سەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە مەعالۆت تەرشیحا.
لە راگەیێندراوێکی دیکەشدا بڵاویکردەوە، بە مووشەک و درۆن، هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی ئەدمیت، زەرعیت، شلۆمی و ئیڤن مناحیم، جگە لە پێگەی سەربازیی مالکیە.
لە کۆمەڵگەی جوونشینی کفاریوڤال، حیزبوڵڵا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر دوو شوێنی کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیل.
لە راگەیێندراوی چوارەمی حیزبوڵڵا ئەوەشی بڵاوکردەوە، بە چەندین مووشەکی جۆریی، هێرشی کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی "بێت لید" کە کەمپی راهێنانی لیوای ناحال و لیوای پەرەشووتی تێدایە. لەپاڵ ئەمەش، هێرشی کردووەتە سەر بنکەی "گلیلۆت" کە بارەگای یەکەی هەواڵگریی سەربازیی 8200ی تێدایە و دەکەوێتە دەوروبەری تەلئەبیب و نزیکەی 110 کیلۆمەتر لە سنووری لوبنانەوە دوورە. سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دەوروبەری شاری قەیسەریەشی پێکاوە.
لە باشووری لوبنان، حیزبوڵڵا رایگەیاند، بە تۆپهاوێژ هێرشی کردووەتە سەر چەندین شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە نزیک سنوور، لەنێویاندا پێگەی مەرکەبا، بارەگای سەربازیی بەلات، گردی حەمسا لە باشووری شاری خیام، رۆژهەڵاتی چیای وەردە لە شارۆچکەی مەرکەبا و گردی خەزان لە شارۆچکەی عەدەیسە.
درەنگی شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکی نوێیدا، حیزبوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو کە بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر پێگەی نەمر ئەلجەمەل لە بەرامبەر شارۆچکەی سنووریی عەلما ئەلشەعب و دوو مووشەکی ئاراستەی گردبوونەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە شارۆچکەی سنووریی مارون ئەلڕاس کردووە.
لە 2ی ئادار، حیزبوڵڵا دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تەلئەبیب بۆ سەر لوبنان، سەرەڕای ئاگربەستی راگەیێندراو لە تشرینی دووەمی 2024 و کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە تاران.
هەر لەو رۆژەدا، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان فراوانتر کرد و هێرشی ئاسمانیی کردە سەر باشووری بەیرووت و ناوچەکانی دیکەی باشوور و رۆژهەڵاتی وڵات.
لە 3ی ئادار، دوای دەستپێکردنی جەنگی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات، ئیسرائیل دەستی بە چوونەژوورەوەیەکی سنوورداری وشکانی کرد بۆ نێو باشووری لوبنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ