رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرۆکی فەرەنسای بەوە تۆمەتبارکرد، کە لایەنگری لە "رێکخراوە ئیسلامییە تیرۆریست و بکوژەکە"، (کە مەبەستی حەماسە) دەکات دوای ئەوەی ماکرۆن رەخنەی لە نەتەنیاهوو گرت بەوەی رێگری لە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەکات.
رۆژی چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاھوو، رایگەیاند: "ماکرۆن جارێکی دیکە بڕیاری دا لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆریستی ئیسلامی بکوژدا بوەستێت و پڕوپاگەندە قێزەونەکەی دووبارە بکاتەوە و بە قسەی هەڵبەستراو ئیسرائیل تۆمەتبار بکات".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ماکرۆنی بە پاڵپشتیکاری حەماس دانا و گوتی: "لە جیاتی ئەوەی پشتگیری لە بلۆکی دیموکراسی رۆژئاوایی بکات، کە شەڕی رێکخراوە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان دەکات و داوای ئازادکردنی بارمتەکان دەکات، ماکرۆن جارێکی دیکە داوا دەکات ئیسرائیل خۆی بەدەستەوە بدات و پاداشتی تیرۆر بکات".
رۆژی سێشەممە، ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا نەتەنیاھووی بە رەفتاری "قبووڵنەکراو" و "شەرمەزارکەر" تۆمەتبار کرد بەھۆی ئەو گەمارۆیەی بەسەر کەرتی غەززەیدا سەپاندووە.
زیاتر لە دوو مانگە ئیسرائیل ریگەنادات هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە کەرتی غەززە و پاساویشیان بۆ ئەو گەمارۆیە ئەوەیە، کە بزووتنەوەی حەماس ئەو هاوکارییانە بۆ خۆی دەبات و خۆی پێ دەوڵەمەند دەکات.
لەدوای سەپاندنی ئەو گەمارۆیە، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکانی دیکەش ھۆشدارییان لە کارەساتی مرۆیی لە کەرتەکە دا.
ماکرۆن لەبارەی سیاسەتە نوێیەکەی حکومەتی ئیسرائیل لە غەززە، گوتی: "ئەوەی حکومەتی نەتەنیاھوو دەیکات قبووڵنەکراوە. نە ئاو ھەیە، نە دەرمان، بریندارەکان ناتوانن بێنە دەرەوە، پزیشکەکان ناتوانن بچنە ژوورەوە. ئەو کارەی دەیکەن مایەی شەرمەزارییە".
ماکرۆن گوتیشی، "ئێمە پێویستمان بە ئەمریکایە. سەرۆک ترەمپ دەسەڵاتی ھەیە. قسەی تووندیشم لەگەڵ سەرۆکوەزیران نەتەنیاھوو کرد. تووڕە بووم، بەڵام ئەوان پشت بە ئێمە نابەستن، ئەوان پشت بە چەکی ئەمریکی دەبەستن".
پاش ئەو لێدوانە تووندەی ماکرۆن، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە سەرکۆنەی قسەکانی سەرۆکی فەرەنسای کرد و گوتی: "ئێمە باش لەبیرمانە چی بەسەر جووەکان لە فەرەنسا ھات؛ کاتێک نەیانتوانی خۆیان بپارێزن. سەرۆک ماکرۆن نابێت ئامۆژگاری ئەخلاقی بە ئێمە بدات".
ھەروەھا گوتیشی: "سوپای ئیسرائیل بەرزترین پێوەری ئەخلاقی لەژێر بارودۆخی سەخت و ئاڵۆزدا بەکاردەھێنێت، بێگومان زیاتر لەوەی کە سوپای فەرەنسا لە جەنگەکانی رابردوودا کردوویەتی".
ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی پلانە نوێیەکەیان و فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان، بۆیە ئەوەیە حەماس ناچار بکەن بارمتەکان ئازاد بکات.
نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئیسرائیل دەڵێت: "سەرۆکوەزیران نەتەنیاھوو سوورە لەسەر بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانی لەو جەنگەدا، لەوانەش؛ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، لەنێوبردنی توانای سەربازی و حکومڕانی حەماس و دڵنیابوون لەوەی کە غەززە چیدی نابێتە هەڕەشە ۆ سەر ئیسرائیل."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ