ئامانج لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل چییە؟

14-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە گەیشتە ئیسرائیل، ئەمەش تەنیا کەمتر لە هەفتەیەک دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر. 

ئامانج لە سەردانەکەی مارکۆ روبیۆ بۆ تەلئەڤیڤ، گوشارخستنەسەر ئیسرائیلە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حەماس، لەبەرامبەردا ئیسرائیلییەکان دەیانەوێ بزانن ئیدارەی ترەمپ چەند نەرمە بەرامبەر بە هەوڵەکانیان بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بڕیارە رۆژی یەکشەمممە لەگەڵ روبیۆ کۆببێتەوە. 
 
پێش گەشتەکەی، روبیۆ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەمریکا "خۆشحاڵ نییە" بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر، بەڵام ئەو هێرشە کاریگەریی لەسەر هاوپەیمانێتیی واشنتن و ئیسرائیل نابێت و گوتیشی "ئەوەی روویداوە؛ روویداوە. دیارە، ئێمە دڵخۆش نەبووین بەمە، سەرۆکیش بەو هێرشە دڵخۆش نەبوو."
 
"کاریگەری لەسەر ئاگربەست"
 
روبیۆ روونیکردەوە هێرشەکە "سرووشتی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان ناگۆڕێت، بەڵام دەبێت قسەی لەسەر بکەین، بەتایبەتی لەبارەی کاریگەرییەکانی لەسەر هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست".
 
گوتیشی "پێویستە بەرەوپێشچوون بەدیبهێنن و بزانین چی دێت، چونکە لە کۆتاییدا، کاتێک هەموو هەموو قسەیەک کرا، هێشتا گرووپێک هەیە بەناوی حەماس کە گرووپێکی خراپن." روبیۆ جەختی لەوە کردەوە داوای وەڵام لە بەرپرسانی ئیسرائیلی دەکات سەبارەت بەوەی روانگەیان بۆ دەربازبوون لە جەنگی غەززە چییە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، ترەمپ "دەیەوێت حەماس تێکبشکێنرێت، دەیەوێت شەڕەکە کۆتایی بێت، دەیەوێت سەرجەم 48 بارمتەکە ئازاد بکرێن، بەوانەشەوە کە گیانیان لەدەستداوە و دەیەوێت هەموو ئەمانە بە یەکجار بێنە دی." هەروەها گوتی "دەبێت تاوتوێی کاریگەریی رووداوەکانی هەفتەی رابردوو بکەین لەسەر ئەو ئامانجانەی هەمانە." 
 
رۆژی 9ـی ئەیلوول، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا سەرکردەکانی حەماسی لە قەتەر کردە ئامانج. ئەوان لە کۆبوونەوەدابوون بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست کە لەلایەن تیمی ئیدارەی ترەمپەوە خرابووەڕوو. 
 
ترەمپ رایگەیاند، زۆر ناڕازیی بووە بەرامبەر بە هێرشەکەی ئیسرائیل و  رەخنەی لە نەتەنیاهوو گرت و گوتی، وڵاتەکەی زۆر درەنگ بە هێرشەکەی زانیوە، تاوەکو بتوانێت هیچ هەنگاوێک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لێبکات.
 
"هێورکردنەوەی قەتەرییەکان"
 
رۆژی هەینی، ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی بۆ دانوستاندنەکان، لە شاری نیویۆرک لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، پێکەوە کۆبوونەوە و نانی ئێوارەیان خوارد. پێش ئەو ئێوارەخوانەش، ئەو بەرپرسە باڵایەی قەتەر کۆبوونەوەیەکی چوار کاژێری لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و روبیۆ لە کۆشکی سپی کردبوو.
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، ڤانس و روبیۆ سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ "هەوڵە بێوچانەکانی قەتەر و رۆڵی کاریگەری لە بەرقەراربوونی ئاشتی بۆ ناوچەکە" دەربڕیوە و رایانگەیاندووە، دەوحە "هاوپەیمانێکی ستراتیژی متمانەپێکراوی ئەمریکایە." سەرۆکوەزیرانی قەتەریش لەبەرامبەردا رایگەیاندووە "دەوڵەتی قەتەر هەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی خۆی لە بەرامبەر هێرشە بێشەرمانەکەی ئیسرائیلدا."
 
"لکاندنی کەناری رۆژئاوا"
 
بەگوێڕەی پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لەسەر پرسی لکاندنی کەناری رۆژئاوا، بڕیارە روبیۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو پرسە بکات، ئەمەش وەکو وەڵامی ئیسرائیلییەکان بۆ ئەو وڵاتانەی رۆژئاوا بۆ دانپێدانان بۆ دەوڵەتی فەلەستین. 
 
دوو بەرپرسی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە، "روبیۆ لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا ئاماژەی بەوەداوە دژایەتیی لکاندنی کەناری رۆژئاوا ناکات و ئیدارەی ترەمپ رێگری ناکات." 
 
"مانەوەی سەرکردەکانی حەماس"
 
وەک ئاماژەیەک بەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر سەرکەوتوو نەبووە، نەتەنیاهوو رایگەیاند ئەوان هێشتا زیندوون و پێویستە جارێکی دیکە بکرێنە ئامانج. 
 
نەتەنیاهوو لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "سەرکردە تیرۆریستەکانی حەماس کە لە قەتەر دەژین، بایەخ بە خەڵکی غەززە نادەن. ئەوان هەموو هەوڵەکانی ئاگربەستیان بلۆک کردووە بۆ ئەوەی شەڕەکە درێژ بکێشێت. لەنێوبردنیان رێگری سەرەکی لە ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لادەبات."
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لەو بڕوایەدان، هێرشەکەیان سەرکەوتوو نەبووە لە کوشتنی هیچ کام لە سەرکردە باڵاکانی حەماس. 
 
میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە داوە، زۆربەی دامەزراوە بەرگرییەکانی ئیسرائیل پێشنیازیان کردووە هێرشەکە دوابخرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، مۆساد رەتیکردووەتەوە ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی لە قەتەر بکەن، بەمەبەستی کوشتنی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە، بەهۆی ترسی ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە زیان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان و بە پەیوەندییەکانی دەزگاکە لەگەڵ قەتەر دەگەیێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە