رووداو- هەولێر
حاجییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەمساڵ لە سعودیە 38 هەزار سەر ئاژەڵیان کردووەتە قوربانی، بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی قوربانیکردنی حاجییانی ئێران لە حەج رایگەیاند، هەموو گۆشتەکە هەر لە سعودیە دابەشکراوە.
محەممەد رەزانیا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی قوربانیکردنی حاجییانی ئێران، رۆژی هەینی 15-7-2022 رایگەیاند، ئێران لە ساڵی 2019ـەوە داوای لە سعودیە کردووە کە گۆشتی قوربانیی حاجییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بگەڕێندرێتەوە بۆ نێو ئێران بۆ ئەوەی بەسەر هەژارانی نێوخۆیی ئێراندا دابەشبکرێت، بەڵام سەرەڕای رەزامەندیی سعودیە، بەهۆی تێچووی زۆری گەڕاندنەوەی گۆشتەکە لەڕێگەی فڕۆکە و کەشتییەوە، رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران نەیتوانیوە ئەو کارە بکات.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی قوربانیکردنی حاجییانی ئێران، بەهۆی ئەوەی کە نەتوانراوە گۆشتەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران، حاجییان هەموو گۆشتی قوربانییەکەیان بەسەر کەسانی هەژار و کەمداهاتی شاری مەککە دابەشکردووە.
ئەو بەڕێوەبەرەی حەجی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ ژمارەی حاجییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 39 هەزار و 600 کەس بووە و ئەوانیش 38 هەزار سەر ئاژەڵیان سەربڕیووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ