ئەنجوومەنى ئاسایش دەنگ لەسەر رەشنووسی پلانەکەى ئەمریکا بۆ ئاشتی لە غەززە دەدات

15-11-2025
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژى دووشەممە 17-11-2025 ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر رەشنووسی پلانەکەى ترەمپ بۆ ئاشتى لە غەززە بدات. نوێنەرى ئەمریکاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارى دەستپێکردنەوەى جەنگ لە ئەگەرى پەسندنەکردنی پلانەکە دەدات. 
 
رۆژی 06-11-2025 نوێنەرانی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی 15 وڵاتەکەى ئەندام لە ئەنجوومەنى ئاسایش کۆبوونەوە و نێوڕۆکى پلانەکەى ترەمپیان پێراگەیاندن، کە بریتییە لە قۆناخەکانى دواترى رێککەوتنەکەى ئیسرائیل و حەماس.
 
لە نێوەڕۆکى رەشنووسەکەدا هاتووە کە "پێشوازى لە دامەزراندنى دەستەیەکى ئاشتى دەکرێ" کە مەبەست لێى دەسەڵاتێکی راگوزەرە لە غەززە بە سەرپەرشتى ترەمپ تاوەکو ساڵى 2027.
 
رەشنووسەکە رێگەدەدات بە وڵاتانى ئەندام "هێزێکى سەقامگیریی کاتیی نێودەوڵەتی" پێکبهێنن، هەروەها هاوئاهەنگ بن لەگەڵ میسر و ئیسرائیل بۆ راهێنانکردن بە هێزێکى پۆلیسی نوێ لە غەززە، وەک جێگرەوەیەک بۆ هەموو هێزە چەکدارەکانى دیکە لە داهاتوو. 
 
مایک واڵتز، نوێنەرى ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارى دا کە هەر رەتکردنەوەیەک بۆ پاڵپشتیکردن لەو رەشنووسە، بەردەوامیدانە بە دەسەڵاتى حەماس یان شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، کە "ناوچەکە و خەڵکەکەى بەرەو جەنگێکى بێکۆتا دەبات".
 
ئەمریکا، قەتەر، میسر، ئیمارات، سعودیە، ئەندەنووسیا، پاکستان، ئوردن و تورکیا پاڵپشتى خۆیان بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسەکە دەربڕی. 
 
بەڵام هەوڵەکانی واشنتن رووبەڕووی دژایەتیی رووسیا و چین بوونەتەوە، کە ناڕازین لە دامەزراندنی "دەستەی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی ترەمپ و دیارینەکردنی رۆڵی دەسەڵاتی فەلەستین. 
 
مۆسکۆ پێشوەختە پڕۆژەبڕیارێکی رکابەری خستووەتەڕوو، لەکاتێکدا پەکین و رەخنەگرانی دیکە داوای گۆڕانکاریی ریشەیی لە رەشنووسە ئەمریکییەکەدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە