رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بارەی ئێران و چەند پرسێکی دیکەوە، بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات.
نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی تایبەتی کابینەکەی بە بۆنەی رۆژی قودس/ئۆرشەلیم قسەی کرد، کە لە مۆزەخانەی کنێست کرا.
لە بارەی ئێرانەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "چاومان کراوەن سەبارەت بە ئێران. ئەمڕۆ، وەک چۆن هەموو چەند رۆژ جارێک دەیکەم، قسە لەگەڵ دۆستەکەمان سەرۆک ترەمپ دەکەم. بە دڵنیاییەوە گوێم لە تێبینییەکانی دەبێت لەسەر گەشتەکەی بۆ چین و رەنگە شتی دیکەش. بێگومان زۆر ئەگەر هەن و ئێمە بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەین."
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا نەتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، "بودجەیەکی بێسنوور"ی تەرخان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی درۆنەکانی حیزبوڵڵا.
نەتەنیاهوو باسی لە هەڕەشەکانی لوبنان کرد و باسی لەوە کرد کە تیمێکی تایبەتی پێکدەهێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی درۆنە "فایبەر ئۆپتیک"ـەکانی حیزبوڵڵا.
لە شەڕەکانی ئەم دواییەدا، حیزبوڵڵا جۆرە درۆنێکی بچووکی دژی باکووری ئیسرائیل بەکارهێناوە کە لەرێگەی کێبڵێکی فایبەر ئۆپتیکی زۆر باریکەوە، بە ئەندازەی دەزووی ددان، کۆنترۆڵ دەکرێت. ئەم درۆنانە کە لە جەنگی ئۆکرایناشدا زۆر بەکاردەهێنرێن، ناتوانرێت لەلایەن سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانەوە بدۆزرێنەوە، ئاشکراکردنیان قورسە و زۆر کوشندەن.
نەتەنیاهوو لەوبارەیەوە گوتی: "رووبەڕووی هەڕەشەیەکی دیاریکراو بووینەتەوە کە درۆنی فایبەر ئۆپتیکە. من تیمێکی تایبەتم لەگەڵ وەزیری بەرگری و شارەزایانی ناوەوە و دەرەوەی وەزارەتەکە، تەنانەت لە کەرتی سڤیلیش و باشترین مێشکەکانی وڵات و جیهان پێکهێنا."
گوتیشی: "لە دوو هەفتەدا سێ کۆبوونەوەم کرد. لە کۆبوونەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەردا شتێکم پێ گوتن کە کەمێک سەرسامی کردن، پێم گوتن: 'ئێوە هیچ سنوورێک بۆ بودجەتان نییە'."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ