رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر غەززە و عیزەدین حەداد، فەرماندەی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کردووەتە ئامانج.
رۆژی هەینی، 15ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "بە فەرمانی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر غەززە و تێیدا عیزەدین حەداد، تیرۆریستی مەترسیدار و فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس و یەکێک لە ئەندازیارە دیارەکانی کۆمەڵکوژییەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی کردە ئامانج."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە "حەداد بەرپرسیار بووە لە کوشتن، رفاندن و ئازاردانی هەزاران هاووڵاتیی سڤیل و سەربازی سوپای ئیسرائیل."
هەروەها راگەیێندراوەکە دەڵێت: "حەداد بارمتەکانی ئێمەی لەنێو دۆخێکی دڕندانەدا هێشتەوە، پلانی بۆ هێرشی تیرۆریستی دژی هێزەکانمان داڕشت، هەروەها رەتیکردەوە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ چەکداماڵینی حەماس و کەرتی غەززە پێشنیاز کرابوو."
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، عیزەدین حەداد کورژاوە، بەڵام سوپا و حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی پشتڕاستیان نەکردووەتەوە و تەنیا دەڵێن، بە ئامانج کراوە.
بزووتنەوەی حەماسیش هێشتا هیچ قسەیەکی لەسەر هێرشەکە نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ