ئیسرائیل لە رەمەزاندا رێگە بە 10 هەزار فەلەستینی دەدات بچنە مزگەوتی ئەقسا

18-02-2026
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل رایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا رێگە بە 10 هەزار نوێژخوێنی فەلەستینی دەدات بۆ نوێژی هەینی بچنە ناو مزگەوتی ئەقسا لە قودس، بەڵام چەند مەرجێکی تووندی بۆ دیاریکردوون.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی هەماهەنگیی چالاکییەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە ناوچە فەلەستینییەکان (COGAT)، تەنیا ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە سەرووی 55 ساڵە، ئەو ژنانەی تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە و منداڵانی خوار 12 ساڵ، دەتوانن مۆڵەتی تایبەت وەربگرن بۆ چوونە ناو مزگەوتەکە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی مانگی رەمەزاندا، 10 هەزار نوێژخوێنی فەلەستینی رێگەیان پێدەدرێت بۆ نوێژی هەینی بچنە مزگەوتی ئەقسا، ئەمەش بەو مەرجەی پێشوەختە مۆڵەتی رۆژانەی تایبەتیان وەرگرتبێت.
 
شێخ محەممەد عەباسی، یەکێک لە پێشنوێژخوێنە باڵاکانی مزگەوتی ئەقسا راگەیاند، بۆ ماوەی هەفتەیەک رێگری لێکراوە بچێتە ناو مزگەوتەکە و ئەگەری نوێکردنەوەی فەرمانەکەش هەیە. عەباسی دەڵێت: "هیچ هۆکارێکیان پێ رانەگەیاندووم بۆ ئەم قەدەخەکردنە کە لە رۆژی دووشەممەوە جێبەجێ کراوە."
 
مزگەوتی ئەقسا، سێیەم پیرۆزترین شوێنە لای موسڵمانان، دەکەوێتە قودسی رۆژهەڵات؛ ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل لە ساڵی 1967 دەستیبەسەرداگرت و دواتر لکاندی بە خاکی خۆیەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانی پێدا نەنراوە.
 
ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا، سەدان هەزار فەلەستینی روو لە مزگەوتەکە دەکەن، بەڵام هەمیشە رێکارە ئەمنییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی پێکدادان.
 
لە دوای جەنگی شەش رۆژەی ساڵی 1967، مۆشی دایان، وەزیری ئەوکاتەی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، جووەکان دەتوانن سەردانی حەوشەکانی مزگەوتەکە بکەن، بەڵام بۆیان نییە لەوێ نوێژ بکەن. 
 
فەلەستینییەکان نیگەرانن لەوەی ئەم دۆخە بگۆڕدرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، چووەتە ناو حەوشەکانی مزگەوتەکە و لەوێ نوێژی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دوو پۆلیسی ئیسرائیل ئەسپەکانیشیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە پەناگەیەک، دوای ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت. وێنە: AFP

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: سەرکردەکانی ئێران دەکوژین و ژێرخانە ستراتیژییەکانیان تێکدەشکێنین

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی بەردەوام بن، هێزەکانیان سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەنە ئامانج و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە تێکدەشکێنن.