فەرەنسا حیزبوڵڵا بە کوشتنى سەربازێکى وڵاتەکەى لە لوبنان تۆمەتبار دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نێردەی پاراستنی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونێفێڵ) رایگەیاند، هێرشێکی "ئەنقەست" کراوەتە سەر هێزەکانیان لە باشووری ئەو وڵاتە و لە ئەنجامدا سەربازێکی فەرەنسایی کوژراوە. فەرەنساش دەیخاتە ئەستۆی حیزبوڵڵا.
 
رۆژی شەممە، 18ی نیسانی 2026 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، سەربازێکی وڵاتەکەی لە هێرشێکدا بۆ سەر هێزەکانی یونێفێڵ لە لوبنان کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
ماکرۆن گوتی: "هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە حیزبوڵڵا بەرپرسیار بێت لەم هێرشە." سەرۆکی فەرەنسا داوای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد دەستبەجێ ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیر بکەن.
 
کاترین ڤۆترین، وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا رایگەیاند، سەربازە کوژراوەکە ناوی "فلۆریان مۆنتۆریۆ"یە و پلەی عەریف بووە. مۆنتۆریۆ لە کاتی گواستنەوەی یەکەکەی بەرەو بنکەیەکی یونێفێڵ، کەوتووەتە نێو "بۆسەیەک" و بە گولـلەی راستەوخۆ گیانی لەدەستداوە. 
 
یونێفێڵ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەربازەکانیان لە کاتی "راماڵینی پاشماوەى تەقەمەنییەکان" لە نزیک گوندی غەندورییە لە باشووری لوبنان، لەلایەن چەند کەسێکى چەکدارەوە تەقەیان لێ کراوە. 
 
ئەم هێزە نێودەوڵەتییە هێرشەکەی بە "ئەنقەست" وەسفکرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکیان دەستپێکردووە چونکە ئەم رەفتارە دەچێتە چوارچێوەی "تاوانی جەنگ".
 
لە لایەکی دیکەوە، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان و جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماکرۆن، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد. 
 
جۆزێف عەون بەڵێنی دا کە بەیروت "دوودڵ نابێت لە راوەدوونانی تێوەگلاوان و رادەستکردنیان بە دادگا." سوپای لوبنانیش رووداوەکەی وەک "ئاڵۆگۆڕی تەقە لەگەڵ کەسانی چەکدار" وەسف کرد.
 
لە بەرامبەردا، نەبیە بێری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و هاوپەیمانی حیزبوڵڵا ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، بێری، "ئیدانەی هێرشەکەی سەر گرووپێک لە سەربازی فەرەنسی کرد کە لە چوارچێوەی هێزی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێڵ) لە باشووری لوبنان خزمەت دەکەن".
 
ئەم هێرشە تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە لوبنان و ئیسرائیل، بە نێوەندگیریی ئەمریکا، لەسەر ئاگربەستێکی 10 رۆژە رێککەوتبوون بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە 2ی ئاداری 2026ـەوە دەستیپێکردووە. 
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1,950 کەس لە لوبنان کوژراون و ملیۆنێک و 200 هەزار کەس ئاوارە بوون. 
 
کوژرانی ئەم سەربازە فەرەنسییە لە کاتێکدایە کە واشنتن و پاریس نیگەرانیی قووڵیان لە سەلامەتیی 7,500 سەربازی ئاشتیپارێز لە لوبنان هەیە، کە 750یان فەرەنسایین. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە