رووداو دیجیتاڵ
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگربەستە 10 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا جێبەجێ کرا، ئێستا وڵاتەکەی پێی ناوەتە "قۆناخێکی نوێ" بۆ گەیشتن بە "رێککەوتنی هەمیشەیی".
رۆژی هەینی، 17ـی نیسانی 2026، لە گوتارێکدا کە ئاراستەی گەلی لوبنانی کرد، سەرۆکی ئەو وڵاتە بە زمانێکی تووند و بە ئاماژەدان بە حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران، کە رۆژێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشکێشی کرد، گوتی، وڵاتەکەی چیدیکە نابێتە "گۆڕەپانی جەنگی هیچ کەسێک".
رۆژی 2ـی ئادار، حیزبوڵڵا بۆ پشتیوانیکردن لە ئێران، چووە نێو ئەو جەنگەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ی شوبات دەستیان پێکرد.
عەون لە یەکەم گوتاریدا دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە گوتی: "ئێستا هەموومان لەبەردەم قۆناخێکی نوێداین؛" گوتیشی: "ئەمە قۆناخی دەربازبوونە لە هەوڵدان بۆ ئاگربەست بەرەو هەوڵدان بۆ رێککەوتنی هەمیشەیی، بە جۆرێک کە مافی گەلەکەمان، یەکپارچەیی خاکەکەمان و سەروەریی نیشتمانەکەمان بپارێزێ."
هەروەها باسی لەوەشکرد، دوای نزیکەی نیو سەدە، بۆ یەکەمجار حکومەتی لوبنان توانی دەسەڵاتی "بڕیاردان بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە."
عەون گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە بۆ خۆمان دانوستاندن دەکەین، ئێمە چیدیکە بووکەڵەی دەستی کەس نین بۆ یاری پێکردن، نە گۆڕەپانی جەنگی هیچ کەسێکین، هەرگیزیش جارێکی دیکە ئەوە دووبارە نابێتەوە."
سەرۆکی لوبنان سوپاسی "هەموو ئەوانە"ی کرد کە بەشدارییان لە بەدەستهێنانی ئاگربەستەکەدا کردووە، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سعودیە.
ترەمپ رایگەیاندبوو، چاوەڕوان دەکات لە "چوار یان پێنج رۆژی داهاتوودا" جۆزێف عەون و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی کۆشکی سپی بکەن.
راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەی باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل دێت لە واشنتن؛ ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بوو لە دوای چەندین دەیە، چونکە لە رووی یاساییەوە لە ساڵی 1948ـەوە ئەو دوو وڵاتە لە باری جەنگدان.
عەون لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل "نیشانەی لاوازی یان سازشکردن نییە. دانوستاندن بەو واتەیە نایەت و هەرگیز بەو واتەیەش نابێت کە دەستبەرداری مافەکانمان بین، یان بنەماکانمان بشکێنین و سازش لەسەر سەروەریی نیشتمانەکەمان بکەین."
لە کۆتاییشدا گوتی: "لێرەوە دووپاتی دەکەمەوە، هیچ رێککەوتنێک ناکرێ کە مافە نیشتمانییەکانمان پێشێل بکات، یان شکۆی گەلە خۆڕاگرەکەمان کەم بکاتەوە، یان دەستبەرداری یەک بست لە خاکی ئەم نیشتمانە بین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ