راپۆرتێک: جەنگی ئێران، قەتەری ئیفلیج کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاری دا باس لەوە دەکات، هێرشەکانی ئێران و راگرتنی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز، هەناردەی گازی قەتەری بە تەواوی ئیفلیج کردووە و ئابووریی یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە.
 
قەتەر وڵاتێکە کە زیاتر لە 60%ی داهاتەکەی لەسەر فرۆشتنی گازی شلە  (LNG). لە مانگی شوباتەوە، دوای ئەوەی ئێران بە شێوەیەکی کردەیی تەنگەی هورمزی داخست و هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر کارگەی رەئس لەفان لە قەتەر، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گاز بە تەواوی وەستاوە.
 
شارەزایان دەڵێن، تەنانەت ئەگەر سبەی تەنگەی هورمز بکرێتەوە، قەتەر پێویستی بە چەندین ساڵە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی پێش جەنگ. لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە، کۆمپانیای QatarEnergy ملیاران دۆلار زیانی بەرکەوتووە، و رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلاری دیکە لەدەست دەدات.
 
سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی (IMF) پێشبینی دەکات کە ئەمساڵ ئابووریی قەتەر بە رێژەی 8.6% پاشەکشە بکات.
 
کاریگەری لەسەر گەشتوگوزار و ژیانی رۆژانە
 
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی جەنگ و مەترسییەکانەوە، ژمارەی گەشتیارانی بیانی لە قەتەر بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و زۆر لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کارمەندەکانیان لە وڵاتەکە کشاندووەتەوە. بەپێی ئامارەکان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆژانە 600 ملیۆن دۆلار لە کەرتی گەشتوگوزاردا زیان دەکات.
 
هەروەها، بەهۆی ئەوەی قەتەر 90%ی خۆراکەکەی هاوردە دەکات و ئێستا رێگەی دەریایی داخراوە، ناچار بووە لە رێگەی فڕۆکە و بارهەڵگرەکانەوە لە رێگەی سعودیە خۆراک بهێنێت. هەرچەندە ئەمە تێچووی زۆرە، بەڵام حکومەتی قەتەر بە پێدانی پاڵپشتیی دارایی رێگەی نەداوە نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا لە 5% بۆ 10% زیاتر گران ببن.
 
مەترسیی کۆچکردنی کرێکاران
 
بەپێی راپۆرتەکە، نزیکەی 90%ی دانیشتووانی قەتەر (کە 3.2 ملیۆن کەسن) هاووڵاتیی بیانیین و کرێکارن. نیگەرانییە گەورەکە ئەوەیە ئەگەر کۆمپانیاکان دابخرێن یان مایەپووچ ببن، رەنگە ئەو هێزی کارە بیانییە بە خێرایی وڵاتەکە جێبهێڵن.
 
ئەحمەد هیلال، شارەزای ئابووری دەڵێت: "ئەگەر کۆچی بەکۆمەڵ رووبدات، ئەوا دۆخەکە زۆر ترسناک دەبێت. هەموو شتێک بەندە بەوەی داخستنی تەنگەی هورمز چەند دەخایەنێت."
 
لەگەڵ ئەوەشدا، شارەزایان دەڵێن قەتەر هێندە یەدەگی دارایی هەیە لەوانەش سندووقێکی سامانی 600 ملیار دۆلاری کە دەتوانێت بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بێت لە پێدانی مووچە و پاراستنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان تەنانەت بەبێ داهاتی گازیش. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە