رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
گڵۆباڵ داتا: فراوانکردنی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا پارێزگارییەکی سنووردار بۆ سعوودیە دابین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و داخستنی تەنگەی هورمز، چاوی جیهان ئێستا لەسەر "پێترۆلاین"ـە؛ ئەو بۆرییە ستراتیژییەی کە نەوتی سعودیە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا دەگوازێتەوە و وەک "رێڕەوی رزگارکەر" لە جەنگی ئێران دەردەکەوێ. ئەگەر ئەم بۆرییە نەبێت، نرخی بەرمیلێک نەوت ئاستی 150 دۆلار تێدەپەڕێنێت.
بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا (پێترۆلاین) چییە؟
ئەم بۆرییە درێژییەکەی 1200 کیلۆمەترە، لە کێڵگە زەبەلاحەکانی "ئەبکەیق" لە رۆژهەڵاتی سعودیەوە دەستپێدەکات و دەگاتە بەندەری یەنبۆ لەسەر دەریای سوور. ئامانجی سەرەکیی تێپەڕاندنی تەنگەی هورمز و دوورکەوتنەوەیە لەو هەڕەشانەی ئێران لە کەنداو دروستیان دەکات.
مێژوویەک لە جەنگ و ستراتیژ
بونیادنان: لە ساڵی 1981 لە کاردانەوەی "جەنگی نەوتهەڵگرەکان" لەنێوان عێراق و ئێران دەست بە دروستکردنی کرا.
دەستبەکاربوون: لە ساڵی 1982 کەوتە گەڕ وەک زامنی هەناردەکردنی نەوت لە کاتە هەرە سەختەکاندا.
بازدان لە توانای گواستنەوەدا
سعودیە تەنیا پشتی بە سیستمە کۆنەکە نەبەستووە، بەڵکو گۆڕانکاریی گەورەی تێدا کردووە:
سیستمی بۆرییەکان: پێکهاتووە لە دوو بۆریی تەریب بە تیرەی 48 و 56 ئینج.
بەرزکردنەوەی توانا: لە ئاداری 2025دا ئارامکۆ توانی توانای گواستنەوەی بۆرییەکە لە 5 ملیۆنەوە بۆ 7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبکاتەوە، ئەوەش لە رێگەی گۆڕینی بۆرییەکانی گازی سروشتیی شل (NGL) بۆ نەوتی خاو.
گرێکوێرەی یەنبۆ: هەرچەندە بۆرییەکە توانای 7 ملیۆن بەرمیلی هەیە، بەڵام ئێستا بەندەری یەنبۆ تەنیا دەتوانێ 4 بۆ 4.5 ملیۆن بەرمیل بار بکات.
2026؛ ساڵی تاقیکردنەوەی گەورە
لە ئاداری 2026، کاتێک تەنگەی هورمز داخرا، پێترۆلاین بووە "پلانی B"ی وزەی جیهان:
ئاستی پێوانەیی: لە 11-03-2026دا، بۆرییەکە خرایە سەر ئەوپەڕی توانای خۆی (7 ملیۆن بەرمیل).
داواکاریی ئارامکۆ: کۆمپانیاکە داوای لە کڕیارە ئاسیایی و ئەورووپییەکانی کردووە نەوتهەڵگرەکانیان بەرەو دەریای سوور (یەنبۆ) ببەن بۆ ئەوەی لە گەمارۆکانی کەنداو دەربازیان بێت.
بازی گەورە: تێکڕای گواستنەوەی نەوت لە رێگەی ئەم بۆرییەوە لە 1.7 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی 2025ەوە بۆ 5.9 ملیۆن بەرمیل لە ئاداری 2026دا بەرزبووەتەوە.
مەترسییەکان کۆتاییان نەهاتووە
سەرەڕای دوورکەوتنەوە لە تەنگەی هورمز، بەڵام "پێترۆلاین" هێشتا لەژێر ئاگردایە. لە 19-03-2026دا، وێستگەی یەنبۆ لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و مووشەکێکی بالیستیش لە ئاسمانی بەندەرەکە تێکشکێنرا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە جەنگی وزە سنوور ناناسێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ