رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە، زیانی زۆر بە نەخۆشخانەیەک لە باشووری وڵاتەکە گەیشتووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەردەوامن.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوو هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەی (تەبنین) لە نزیک نەخۆشخانەی حکومیی شارۆچکەکە، بەو هۆیەشەوە "زیانی زۆر لە نەخۆشخانەکە تۆمار کراوە."
زیانەکان و ئاماری قوربانییانی کەرتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت شووشەی پەنجەرەکان و سەقفی ژوورەکان و ئۆفیسەکانی ناو نەخۆشخانەکە بەهۆی هێزی تەقینەوەکەوە شکاون و رووخاون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە 2ی ئازاری ئەمساڵەوە، تاوەکو ئێستا 16 نەخۆشخانە لە لوبنان زیانیان پێگەیشتووە، 116 کارمەندی تەندروستی و فریاگوزاری کوژراون و کۆی گشتیی کوژراوان لە لوبنان گەیشتووەتە 3,089 کەس.
پێشێلکردنی ئاگربەست و وەڵامی حیزبوڵڵا
سەرەڕای ئەوەی لە 17ی نیسانی رابردووەوە ئاگربەست لەنێوان هەردوولادا راگەیێندراوە و هەفتەی رابردووش بۆ 45 رۆژی دیکە درێژکرایەوە، بەڵام پێکدادانەکان نەوەستاون. حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، ئەوەش وەک "وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل."
لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان و دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردنی گوندەکانی باشوور و دەڵێت "مافی خۆمانە بەرپەرچی هەر هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بدەینەوە."
جەنگی نێوان هەردوولا دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حیزبوڵڵا وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی رێبەری باڵای ئێران لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا، دەستی بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشێکی زەوینی بەرفراوانی بۆ ناو خاکی لوبنان دەستپێکردووە و ئێستا سوپاکەی لە ناوچەیەکی سنووری بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ناو خاکی لوبناندا جێگیر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ