رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا، هۆشداریی داوە لەوەی جەنگی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، "چاڵێکی دەستکردی مرۆڤی" دروستکردووە، ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکەش بێجگە لەوەی چەندین دەیەیەی پێویستە، زیاتر لە 70 ملیار دۆلاریشی تێدەچێت.
رۆژی سێشەممە 25-11-2025 ئاژانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە (UNCTAD)، لە راپۆرتێکدا لەبارەی دۆخی کەرتی غەززە رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل "سەرجەم کۆڵەکەکانی مانەوەی غەززەی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە" و تەواوی 2.3 ملیۆن دانیشتووانەکەی غەززەشی رووبەڕووی "هەژارییەکی بێوێنە" کردووەتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەو جەنگە دوو ساڵییەوە، باری ئابووریی غەززە بە رێژەی 87% دابەزیوە، بەمەش تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی کەرتەکە تەنیا 161 دۆلار بووە.
لە درێژەی راپۆرتی رێکخراوەکەی سەر بە UN لەسەر دۆخی ئێستای غەززە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە تاوەکو نیسانی 2025 نزیکەی 70%ی تەواوی باڵەخانەکانی نێو کەرتەکە زیانیان بەرکەوتووە، لەنێویشیاندا کارگە، ماڵ، نەخۆشخانە، قوتابخانە، بانک، ژێرخانی وزە و ئاو و سامانی کشتوکاڵی.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی پرۆگرامی داتاکانی ململانێی ئوپسالای سوێدی، ئەو جەنگە 69 ساڵ گەشەی مرۆڤایەتیی لە غەززە سڕیوەتەوە، ئەمەش سەختترین قەیرانە کە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت. بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە زیاتر لە 70 ملیار دۆلارە.
هەروەها راپۆرتەکەی UN دەریخستووە، ئەو جەنگە بووەتە هۆی ئەوەی کەرتی غەززە گەورەترین داڕمانی ئابووری بەخۆوە ببینێت و هۆشداریی داوە لەوەی، "تەنانەت ئەگەر هاوکارییەکی زۆری نێودەوڵەتییش بە غەززەییەکان بگات، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ئاستی پێش ئۆکتۆبەری 2023، دەیان ساڵ دەخایەنێت."
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەم کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی دووشەممە وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە سەرەتای ئاگربەستەوە بەلایەنی کەمەوە 342 فەلەستینی بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە کوژراون. لە بەرامبەردا ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە هەمان ماوەدا سێ سەربازی بەهۆی تەقەی "چەکدارانی حەماسەوە" کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) رایگەیاندووە، ئێستا زۆربەی خێزانەکانی غەززە ناتوانن خۆراکی سەرەتایی بکڕن. ئاماژەشیان بەوە کردووە، هەرچەندە لە چەند هەفتەی رابردوودا نرخی کاڵاکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام هێشتا بڕی خۆراکی رۆژانە بۆ غەززەییەکان زۆر کەمترە لە ئاستی پێش جەنگ.
هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریی فەرمیی لە پلانەکەی ترەمپ بۆ داهاتووی غەززە کرد، کە تیایدا داوای پێکهێنانی حکومەتێکی کاتیی تەکنۆکرات دەکات و ئەو حکومەتەش لەلایەن بۆردێکی ئاشتیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن هێزێکی ئاسایشی نێودەوڵەتیشەوە پشتگیری دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ