بەرەی مقاوەمە لەگەڵ گەیشتنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکەی ئەمریکا هەڕەشەی هێرش دەکەن

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چوار گرووپی چەکداری سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایدەگەیێنن، لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران بێلایەن نابن. ئەمەش دوای ئەوەی سێنتکۆم رۆژی دووشەممە رایگەیاند،  کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی گەیشتووەتە ناوچەکە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە کەشتییەکان بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جووڵە بکەن و هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەکات، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان، وەک خۆی باسی دەکات.
 
حووسییەکانی یەمەن رۆژی دووشەممە ئاماژەیان بەوە کرد، ئامادەن هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور دەستپێبکەنەوە. ئەمەش راستەوخۆ دوای ئەوە هات کە گرووپی "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" لە عێراق هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران، ئەوا ئەنجامەکەی "جەنگێکی گشتگیر" دەبێت لە ناوچەکە.
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، هەردوو گرووپی حووسییەکان و کەتائیبی حیزبوڵڵا لە جەنگە 12 رۆژەکەی مانگی حوزەیرانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بێدەنگ بوون و ئەمریکا بۆردوومانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد.
 
گەیشتنی کەشتیی ئەمریکی بۆ ناوچەکە
 
فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری USS Abraham Lincoln و کەشتییە مووشەکهاوێژەکانی یاوەری گەیشتوونەتە ناوچەکە [رۆژهەڵاتی نێوەڕاست] بۆ "برەودان بە ئاسایش و سەقامگیری".
 
ترەمپ رایگەیاندووە ناردنی کەشتییەکان بۆئەوەیە تاوەکو بۆ "هەر ئەگەرێک" ئامادەبن لە دژی ئێران. ترەمپ دوو هێڵی سووری بۆ هێرشکردن دیاری کردووە: کوشتنی خۆپێشاندەرانی ئاشتییانە و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لەلایەن تارانەوە.
 
بەرپرسێکی سەربازیی ئێرانی بە کەناڵی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، هەڕەشەکانی ئەمریکا "زیادەڕۆییان تێدایە" و گوتی هەبوونی کەشتیی لینکۆڵن رێگر نییە لەبەردەمیان، بەڵکو "ئامانجێکی دەستپێگەیشتووە".
 
هەڕەشەکان لە عێراق و یەمەنەوە
 
هێزە پاشکۆکانی ئێران کە بە "بەرەی بەرخودان" (میحوەری مقاوەمە) ناسرابوو و لە غەززە، لوبنان، یەمەن، سووریا و عێراق چالاک بوون، دوای گورزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس و حیزبوڵڵا و رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا لە ساڵی 2024، تووشی داڕمان بووە.
 
حیزبوڵڵای لوبنان، کە یەکێکە لە بەهێزترین هاوپەیمانەکانی ئێران، ئامادە نەبوو روونی بکاتەوە کە لە ئەگەری هێرشدا چۆن وەڵام دەداتەوە. شێخ نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا گوتی: "وردەکارییەکانی بەشداریکردنمان بەپێی شەڕەکە و بەرژەوەندییەکان دیاری دەکرێن."
 
بەڵام گرووپە عێراقی و یەمەنییەکان زۆر بە روونی هەڕەشەیان کرد. حووسییەکان ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە کەشتییەکی تێدا دەسووتێت و لەسەری نووسراوە: "بەم زووانە". هەروەها ئەحمەد حەمیداوی (ناسراو بە ئەبو حسێن)، ئەمینداری کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق گوتی: "بە دوژمنان دەڵێین شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەیران نابێت، بەڵکو تاڵترین تامی مردن دەچێژن."
 
هەروەها رێکخراوی بەدر بە سەرکردایەتیی هادی عامری رایگەیاند، لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر تاران، ئەوان لە سەنگەری پشتگیریکردنی ئێراندا دەبن و گوتی: "ئەمە جەنگێکی یەکلاکەرەوەیە و جێگەی بێلایەنی تێدا نابێتەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، ئیمارات رایگەیاند، رێگە نادات خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربێت.
 
ئێران هۆشداری دەدات
 
رەزا تەڵایی نیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران هۆشداریی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل کە هەر هێرشێک "وەڵامێکی بەهێزتر و یەکلاکەرەوەتری دەبێت". هەروەها ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "وڵاتانی ناوچەکە دەزانن تێکچوونی ئاسایش تەنیا کاریگەری لەسەر ئێران نابێت."
 
لە تاران پۆستەرێکی گەورە هەڵواسراوە کە وێنەی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری تێدایە تەرم دایپۆشیوە و خوێنی پێوەیە، لەسەری نووسراوە: "ئەگەر با بچێنن، گەردەلوول دەدروونەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە

دیمەشق و عەممان رێککەوتنێکیان لە بواری وزەدا واژۆ کرد

سووریا و ئوردن رۆژی دووشەممە رێککەوتنێکی نوێیان بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ سووریا لە رێگەی خاکی ئوردنەوە واژۆ کرد، ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوەیە کە تۆڕی کارەبای سووریا بەهێزبکرێتەوە.