ترەمپ لەبارەی چۆڵکردنی غەززە: سەرکردەکانی میسر و ئوردن ئەو کارە دەکەن

28-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەخت لەسەر چۆڵکردنی غەززە و گواستنەوەی خەڵکەکەی بۆ میسر و ئوردن دەکاتەوە و دەڵێت، غەززەییەکان باشترە لە شوێنێکی دیکە بژین لەجیاتی ئەوەی لەو "شەڕ و ئاژاوەیەدا" بن.
 
رۆژی دووشەممە، 27ی کانوونی دووەمی 2025، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و لەبارەی چارەنووسی دانیشتووانی کەرتی غەززە، رایگەیاندووە: "حەز دەکەم ئەوان لە ناوچەیەک بژین، بێ ئەوەی رووبەڕووی شەڕ و ئاژاوە و شۆڕش ببنەوە." 
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "تەماشای کەرتی غەززە بکە و بۆ چەندین ساڵە بووەتە دۆزەخ، و هەمیشەش شەڕوئاژاوەی تێدا بووە. رەنگە باشتر بێت خەڵکەکەی ببەیتە شوێنێک کە سەلامەتتر و ئارامتر بێت." 
 
بۆ ئەو پێشنیازە، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ شای ئوردن و سەرۆکی میسر قسەی کردووە. ترەمپ گوتی، "وەڵامی ئەو [سیسی]، ئەوە بوو کە دەیەوێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار بێت. منیش حەز دەکەم ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار بێت." 
 
 ترەمپ راشیگەیاند سەرکردەکانی میسر و ئوردن "ئەو کارە دەکەن".  گوتیشی، "منیش حەز دەکەم، هیواخوازم ئەو [سیسی] هەندێک خەڵک وەربگرێت. ئێمە هاوکاری زۆرمان کردوون، دڵنیام ئەویش هاوکارییمان دەکات، ئەو دۆستی منە و ئەو لە ناوچەیەکی دژواردایە، بەڵام پێموابێت ئەو دەیکات و پێموابێت شای ئوردنیش دەیکات".
 
لەدوای راگەیاندنی ئەو پلانەی بۆ رۆژنامەڤانان لە رۆژی شەممە، 26ی کانوونی دووەم، هەریەکە لە سەرکردایەتی میسر و ئوردن بە تووندی پێشنیازەکەی ترەمپیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، دەبێت فەلەستینییەکان لە غەززە بمێننەوە. 
 
لە بارەی پرسی دوو دەوڵەت (فەلەستین و ئیسرائیل) پرسیار لە ترەمپ کرا، بەڵام ئەو خۆی لە وەڵامەکە بەدوورگرت و گوتی، ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوتوێ دەکات، کاتێک لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی واشنتن دەکات.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 2ی شوباتی 2025، نەتەنیاهوو سەردانی ئەمریکا بکات و لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای دانوستاندن دەکات؛ "لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان قبووڵکراو نییە"

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن. رافایل گرۆسی، هۆشداری دا تەنیا رێگەی دیپلۆماسی دەتوانێت کۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت کە زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوامە.