رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد و تێیدا سکرتێری گشتی و باڵیۆزانی وڵاتان، تووندترین پەیامیان ئاراستەی لایەنەکان کرد.
کۆبوونەوەکە رۆژی یەکشەممە، 1-3-2026، دەستیپێکرد. سەرەتا گۆتێرێز قسەی کرد و رایگەیاند، "پێویستە هەمیشە رێز لە بنەما و یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت".
گۆتێرێز: 20 شاری گەورەی ئێران کراونەتە ئامانج
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "من راستەوخۆ قسە بۆ سێ کەس دەکەم، باسی بنەما و دەرچەکان دەکەم. سەرەتا بنەماکان، پێویستە هەمیشە رێز لە بنەما و یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت، جاڕنامە و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، مادەی دووەم دەڵێت: دەبێ ئەندامەکان خۆیان بە دوور بگرن لە هەڕەشە بۆ سەر هەر دەوڵەتێک، بۆیە سەرکۆنەی هێرشە گەورەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلم بۆ سەر ئێران کرد، هەروەها سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانم کرد بۆ سەر بەحرێن، ئوردن، عێراق، سعودیە، قەتەر و ئیمارات."
گۆتێرێز هۆشداری دا کە جیهان شایەتحاڵی هەڕەشەی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و گوتی: "هەنگاوی سەربازی، مەترسی زنجیرە کارەساتی دیکەی لێ دەکرێت، کە کەس ناتوانێت لە ناوچەیەکی هەرە جەنجاڵی جیهان کۆنترۆڵیان بکات. ئاشتیی درێژخایەن تەنیا بە ئامرازی ئاشتی بەدەست دێت، لەوانە؛ گفتوگۆ و دانوستاندن."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "دۆخی ناوچەکە زۆر شڵەژاوە، هێرش کراوەتە سەر 20 گەورە شاری ئێران، لەوانە تاران، فارس، تەورێز و چەند شاری دیکە، لە تاران تەقینەوەی گەورە روویانداوە، کە هەندێکیان نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی و کۆشکی مانەوەی رێبەری ئێران بووە. چەندین کەس کوژراون، وەکو ئیسرائیل باسی دەکات، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کوژراوە، بەڵام من لە پێگەیەکدا نیم ئەوە پشتراست بکەمەوە."
گۆتێرێز ئاشکراشی کرد، ئاسمانی ئێران داخراوە و لە وڵاتەکە ئینتەرنێت بە تەواوی قەدەخە کراوە. گوتیشی: "راپۆرت هەیە لەبارەی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل، کە لەنێویاندا قوتابخانەیەک کراوەتە ئامانج کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان قوتابیی منداڵی کچ. هەنگاوی سەربازی لەناوچەکەدا زۆر بە خێرایی پەرە دەسێنێت، ئەمەش وایکردووە کە دۆخێکی پێشبینی نەکراو دروست بێت و دەرفەتی هەڵە تێگەیشتن و هەڵە لێکدانەوەی زیاتر دروست بێت."
لەبارەی زیانەکانی ئیسرائیلیش گوتی: "بە گوێرەی راپۆرتەکانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، 89 کەس لە ئیسرائیل و کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو بریندار بوون، کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل و بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هەندێکیان لەو شوێنانە بوون کە خەڵکی سڤیل لە نزیکی بووە، هەروەها پاشماوەی مووشەک کەوتە نێو ئەو ناوچە سڤیل نشینانە. زۆربەی هێرشەکانی ئێران بە سەرکەوتوویی بەرپەرچ دراونەتەوە، بەڵام ئیمارات گوتی، هاووڵاتییەکی بە کەوتنەخوارەوەی پارچەی مووشەک کوژراوە."
گۆتێرێز زۆر بەداخ بوو بۆ لەدەستچوونی دەرفەتی دانوستاندن و گوتی: "راپۆرت هەیە کە ئێران هەڕەشەی لە کەشتییەکان کردووە، ئەم گرژییانە دوای ئەوە هات کە گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی هات و ئامادەکاری بۆ گەڕێکی نوێی دانوستاندن دەکرا. ئێستا جیهان و ناوچەکە پێویستیان بە دەرچەیەکە بۆ رزگاربوون لەم دۆخە، داوای راگرتنی هێرشەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەم، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن، بەتایبەتی لەسەر بەرنامەی ئێران."
فەرەنسا: ئێران دەتوانێت 10 بۆمبی ئەتۆم دروست بکات
جیرۆم بۆنافۆنت، باڵیۆزی هەمیشەیی فەرەنسا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "ناوچەکە پێویستی بە ئاشتییە، دەبێ ئێران رێز لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی بگرێت، ئێمە زۆر نیگەرانین لەم جەنگە و زۆریش مەترسیدارە، پێویستە رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت. ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکەین بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، ئێمە هاوسۆزین لەگەڵ ئیمارات، قەتەر، بەحرێن و سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە."
بۆنافۆنت هۆشداری دا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و گوتی: "چەندین ساڵە لێرەوە داوای راگرتنی دەکەین، بەڵام ئێران بێباکانە بەردەوامبوو و هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم کەمکردەوە و چەندین مانگە ئاژانسەکە نەیتوانیوە بچێتە بنکە ئەتۆمییەکان. ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە بتوانێت 10 بۆمبی ئەتۆم دروست بکات."
لەبارەی بەرنامەیەکی دیکەی "نیگەرانکەری ئێران"، باڵیۆزەکەی فەرەنسا گوتی، مووشەکی بالیستییە. "کە بەردەوامە لە تێکدانی سیستمی سەقامگیری ناوچەکە. ئێمە زۆر نیگەرانین لە دۆخی خەڵکی ئێران کە بەدەستی ئەم رژێمەوە دەناڵێنن. پێویستە خەڵکی ئێران مافە سەرەتاییەکان فەراهەم بکەن. پێویستە بە نیازپاکی بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندن."
بەحرێن: هێرشەکانی سەر ئێمە و وڵاتانی دراوسێ وەک یەکن
جەمال فارس روایی، باڵیۆزی بەحرێن لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "وڵاتەکەم پێشبینیی نەدەکرد بەر هێرشی تاوانکارانە بکەوێت لەکاتێکدا وڵاتی پێکەوەژیانە، بۆیە بە تووندی بەئامانجگرتنی شوێنی سڤیلنشین لەلایەن ئێرانەوە سەرکۆنە دەکەین، ئەمە پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییە و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی."
گوتیشی: "ئەم هێرشانە زۆر مەترسیدار و بێ پێشینەن، بەهیچ شێوەیەک ئارام ناگرین بەرامبەری. ئەوەی کە رووبەڕووی بەحرێن بووەوە لە هێرشەکانی سەر ئیمارات، سعودیە، قەتەر و ئوردن جیاناکرێتەوە."
ئەمریکا: ئۆپەراسیۆنەکە بۆ کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکان
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند: "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە. ئۆپەراسیۆنەکە بۆ کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی تاران. رژێمی ئێران بۆ ماوەی چەندین دەیە کاری بۆ تێکدانی سەقامگیریی جیهان کردووە؛ تاران چەک و پارەی بۆ گرووپە توندڕەوەکان دابین کردووە تەنیا بە مەبەستی لاوازکردنی حکومەتە شەرعییەکان لە ناوچەیەکی ناسەقامگیردا."
سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن، واڵتز گوتی: "هێرشە بێ پاساوەکانی ئێران بۆ سەر هاوبەشەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، وایکردووە واشنتن ئەم هەڵوێستە توندەی هەبێت. ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنەی دژی ئێران ئەنجام دەدرێت، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەیە، بۆ ئەوەی زامن بکرێت کە چیتر رژێمی تاران هەڕەشە لە ئاسایشی جیهان ناکات."
باڵیۆزی ئەمریکا ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد و رایگەیاند: "ئەمە ساتێکی مێژووییە و پێویستی بە بڕیارێکی رەوشتیی روون هەبوو؛ سەرۆک ترەمپ وەڵامی ئەو داواکارییەی دایەوە و هەڵوێستی وڵاتەکەی نیشانی جیهان دا."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە جیاوازەکان لە ناوخۆی ئێران بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ