رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر ئێران نزیکەی 200 فڕۆکەی جەنگیی بەشداربوون و زیاتر لە 500 ئامانجیان لە ناو قووڵایی ئەو وڵاتە پێکاوە.
ئێلا واوەیا، گوتەبێژی عەرەبی زمانی سوپای ئیسرائیل، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" بڵاویکردەوە: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە نزیکەی 200 فڕۆکەی جەنگیی هێزە ئاسمانییەکان، هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر سیستمە مووشەکی و بەرگرییە ئاسمانییەکانی سەر بە رژێمی ئێران لە رۆژائوا و نێوەڕاستی ئەو وڵاتە."
بە گوتەی واوەیا، ئەمە "گەورەترین هێرشی ئاسمانییە لە مێژووی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دا" و لە ئەنجامی پلانێکی تۆکمە و پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد و بە هاوئاهەنگیی سەدان فڕۆکە ئەنجامدراوە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکە جەنگییەکان سەدان تۆن تەقەمەنییان بەسەر زیاتر لە 500 ئامانجدا بەرداوەتەوە، لەوانە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و سەکۆکانی هاویشتنی مووشەک لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئێران. دەشڵێت: "پێکانی سیستمەکانی بەرگری، وایکردووە باڵادەستیی ئاسمانی لە ئاسمانی ئێراندا فراوانتر بێت و زەبرێکی گەورە لە توانای هێرشبەریی ئێران بوەشێندرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، واوەیا ئاشکرای کرد، یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج، لە ناوچەی تەورێز بووە لە رۆژاوای ئێران، کە لەلایەن یەکەیەکی مووشەکیی "زەوی بۆ زەوی" بەکارهاتووە و پلانیان هەبووە دەیان مووشەک ئاراستەی ناوخۆی ئیسرائیل بکەن.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، گەلێک هەڕەشە لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانیان و ناوخۆی ئیسرائیل پووچەڵکراونەتەوە. راشیگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل هێشتا لە جموجۆڵەکانیان لە ئاسمانی ئێران دا بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ