شارەزایەکی ئاسایشی نێودەوڵەتی: ئەمریکا هێزی سەربازی لە تەنگەی هورمز و کەناراوەکانی ئێران بڵاودەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
تەنگەی هورمز.
تەنگەی هورمز.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کێن شۆکلی، شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند، هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان کارێکی "گەمژانەیە" و هەر گرووپێکیش لە رابردوودا هێرشی کردبێتە سەر کوردستان، شکست چارەنووسی بووە. ئەو شارەزایە دەشڵێت، پێشبینی دەکات ئەمریکا هێزی سەربازی لە تەنگەی هورمز و کەناراوەکانی ئێران بڵاوبکاتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 29ی ئاداری 2026، شۆکلی لە کۆرۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداربوو و  قسەی لەبارەی ژمارەیەک پرس کرد، لەوانە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، حووسییەکانی یەمەن و هاوئاهەنگییەکانی واشنتن و هەولێر. 
 
"ئەمریکا هێزی زەوینی بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز دەنێرێ" 
 
شارەزاکەی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی هێزی زەوینی ئەمریکا دژی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر هێزی زەوینیی ئەمریکا بەکاربهێندرێ، بڕوام وایە بۆ دابینکردنی ئاسایشی تەنگەی هورمز دەبێت"؛ دەشڵێت: "پێدەچێت هێزی ئەمریکا لە ناوچە کەناراوییەکانی تەنگەکە جێگیر بکرێن بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ئەو کەشتیانەی تێدەپەڕن و بۆ دڵنیابوون لەوەی هەر هێزێکی ماوەی سوپای پاسداران نەتوانێت مەترسی بۆ سەر کەشتیوانی دروست بکات". 
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. وەک بەشێک لە وەڵامەکەشی، ئێران هێرشی کردە سەر وڵاتانی کەنداو، لەوانە عێراق و هەرێمی کوردستان. 
 
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە کە بە گوێرەی دامەزراوەی راگەیاندنی وزەی ئەمریکا، پێش جەنگ 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە بە تەنگەکەدا دەڕۆیشت. 
 
شۆکلی سەبارەت بە ئەگەری جێگیرکردنی هێزی ئەمریکا لە ناوچەکانی دیکەی ئێران گوتیشی: "بڕوا ناکەم بینەری جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی ئەمریکا بین لەنێو قووڵایی خاکی ئێران". 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، یەکێک لە بژاردەکانی ئەمریکا دژی ئێران بەکارهێنانی هێزی زەوینییە. 
 
"حووسییەکان تاوەکو ئەو کاتەی لە بەرژەوەندییان بێت پشتگیری ئێران دەکەن" 
 
شارەزاکەی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە چوونە ناوەوەی حووسییەکانی یەمەن بۆ نێو جەنگی ئێران گوتی: "حووسییەکان تەنیا لقێکی دیکەی سوپای ئێرانن. ئەوان ماوەیەکی درێژە گرووپێکی بەوەکالەتن و تا ئەو کاتەی لە بەرژەوەندییاندا بێت بۆ پشتگیریکردنی ئێران کار دەکەن". 
سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی هێرشی حووسییەکان، شۆکلی گوتی: "هەر کە ئێران چی دیکە نەیتوانی چەک و بودجەیان بۆ دابین بکات، دەبینن کە حووسییەکان دەکەونە سەر هێڵ و هاوکاری هەر هێزێک دەکەن کە لە ناوچەکەدا باڵادەست بێت". 
 
حووسییەکانی یەمەن گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانن و بەشی رۆژئاوای وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکردووە. زۆرینەی ئەو ناوچەیەی کۆنترۆڵیانکردووە لەسەر دەریای سوورە و دەسەڵاتیان بەسەر تەنگەی بابولمەندەبیشدا هەیە. رێڕەوە ئاوییەکە بە یەکێک لە رێڕەوە ئاوییە گرنگەکان لە جیهاندا دادەنرێ. 
 
ئێران بە پاڵپشتیکاری سەرەکی حووسییەکانی یەمەن دادەنرێ. ئەو شارەزایە سەبارەت بە نەمانی ئەو پاڵپشتییە گوتی: "بڕوام وایە ئێمە لە سەرەتای سەردەمێکی نوێداین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە تێیدا ئێران چی دیکە ناتوانێت ناوچەکە بە بارمتە بگرێت". 
 
جەنگەکە چەند مانگێکی دیکە دەخایەنێت 
 
شۆکلی پێشبینی ناکات جەنگی ئێران بەمزووانە کۆتایی بێت و لەو بارەیەوە دەڵێت: " بڕوا ناکەم ئەمریکا و ئیسرائیل لەم ئۆپەراسیۆنە بکشێنەوە تاوەکو ئەرکەکە تەواو دەبێت. سەبارەت بە تواناکانی ئێران، ئەمڕۆ سیستمی چەکی کەمتریان هەیە بەراورد بە دوو هەفتە لەمەوبەر. بەیانیش کەمتریان دەبێت." 
 
بە گوێرەی سێنتکۆم و سوپای ئیسرائیل، لە دەستپێکی جەنگەکەوە زیاتر لە 15 هەزار ئامانجیان لە ئێران بۆردوومانکردووە کە زۆرینەیان سەربازی بوون. 
 
ئەو شرۆڤەکارە سەبارەت بە کەمکردنەوەی توانای ئێران بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانی گوتی: " دواجار ئێرانییەکان توانای هاوێشتنی مووشەکیان نامێنێت. هەموو جارێک ئێران مووشەکێک بتەقێنێت، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دەتوانن شوێنی هاوێشتنەکە بدۆزنەوە و سەکۆمووشەکییە لەنێوبەرن. پرسەکە تەنیا کاتە  تاوەکو کەرەستە و مووشەکەکانیان تەواو دەبێت و توانای ئازاردانی دراوسێیەکانیان و سڤیلە بێتاوانەکانیان نامێنێت". 
 
چەکی ئەتۆمی وەک هەڕەشەیەکی ئێران 
 
شارەزاکەی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبووایە، پێموایە هەموومان ئێستا دەمانبینی کە بەکاری دەهێنا"؛ گوتیشی، "ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دیکە هەرگیز بەرگەی ئەوە ناگرن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی". 
 
ئەو شرۆڤەکارە گوتی: "ئامانجی ئێران کۆنترۆڵکردنی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، تاوەکو هیچ وڵاتێکی خاوەن سەروەری لە ناوچەکەدا نەمێنێت و هەموو وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵییەوە . ئەم ئامانجە لە سەرەتاوە روون بووە". 
 
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان 
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە بە 496 درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. سەبارەت بەو هێرشانە شارەزاکەی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتی: "حەزدەکەم ببینم ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکاریی وەزیری ناوخۆی کورد (کوردستان) بکات لە دەستنیشانکردنی ئەم گرووپانە و هاوکارییان بکات بۆ لەنێوبردنیان". 
 
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم گرووپانە بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ شەڕکردن تا ئەو کاتەی بۆیان بکرێ. بەڵام هەر کە ئێران نەما، دەزانن کە ئەوە کۆتایی ئەوانیشە. چی دیکە بودجەیان نابێت. چی دیکە باری چەکیان بۆ نایەت، فیشەکیان نامێنێت و توانای هێرشکردنیان بە شێوەیەکی بەرچاو نامێنێت".
 
ئەو شارەزایەی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی لەوەش کردەوە کە "هێرشکردنە سەر گەلی کورد کارێکی گەمژانەیە. بینیمان داعش و گرووپەکانی دیکە هەوڵی هێرشکردنە سەر کوردیان دا و هەموویان شکستیان هێنا. ئەم گرووپانەش وەک ئەوانی دیکە شکست دەهێنن". 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای عومان

عومان داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عومان داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەکات، دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی "هێرشە ترسنۆکانەکانی" سەر ئەو وڵاتەی نەگرتووەتە ئەستۆ