رووحانی: بۆ پاراستنی یەکێتیی ناوخۆ بەشێک لە راستییەکانمان شاردەوە

01-08-2021
فواد حەقیقی
نیشانەکردن حەسەن رووحانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند "بۆ پاراستنی یەکێتیی ناوخۆ" بەشێک لە راستییەکانی ساڵانی رابردووی بە خەڵک نەگوتووە. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گوتی: "لایەنەکانی دەرەوەی حکومەت و دەرەوەی وڵات" رێگەیان نەداوە گەماڕۆ ئابوورییەکان هەڵبگیرێن.
 
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ 1-8-2021 لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا گوتی: هەموو ئەو شتانەی بە خەڵکمان دەگوت، شتێک نەبوون جگە لە راستی، بەڵام بەشێک لە راستییەکانمان بە خەڵک نەگوت، چونکە نەدەکرا و بە قازانج نەبوون، دەترساین زیان بە یەکێتیی نیشتمانیی بکەوێت".
 
حەسەن رووحانی، کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەنیا چەند رۆژێکی ماوە، دەڵێت: "ناڕەحەتی خەڵک لە پەیوەندیی لەگەڵ پرسە ئابوورییەکان و بژێویی رەوایە"، داوای لێبوەردنی لە خەڵک کردووە ئەگەر کەموکوڕییان هەبووبێ.
 
حەسەن رووحانی 8 ساڵ لەمەوبەر بووە سەرۆککۆماری ئێران، ئەو کات هەڵاوسان لە ئێران بەرز بوو، ئابووری داتەپیبوو، رەوشی ئابووریی خەڵک باش نەبوو و ئێران بەهۆی گەماڕۆ نێودەوڵەتییەکانەوە لە ژێر گوشارێکی زۆری جیهانیدا بوو.
 
رووحانی توانی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمییەکانی ئێران بسازێت، ساڵی 2015 گەماڕۆکان لادران و ئابووریی ئێران تاڕادەیەک بووژایەوە و هەڵاوسان دابەزی.
 
ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تاکلایەنە لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە و گەماڕۆکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و رەوشی ئابووریی ئێران دیسان داتەپی. 
 
ئەمە هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی حەسەن رووحانی وەک چۆن حکومەتی ئێرانی لە ساڵی 2013دا وەرگرتبوو، ئێستاش بەهەمانشێوە و لە هەندێ حاڵەتدا خراپتریش رادەستی بکاتەوە.
 
حەسەن رووحانی زۆر جاران جەختی کردووەتەوە، هۆکاری ئەم کێشانە پەیوەندیی بە حکومەتەوە نییە، بەڵکوو هۆکارەکەی دۆناڵد ترەمپ بووە، کە "شەڕێکی ئابووری" لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە.
 
زەریف: متمانەمان بە ئەمریکا نەکرد
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەمڕۆ یەکشەممە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی بە رۆژنامەنووسانی گوت: "هەوڵی خۆمان دا، بەڵام لایەنەکانی دەرەوەی حکومەت و لایەنەکانی دەرەوەی وڵات کۆسپیان دروستکرد کە بتوانین بە ئەنجام بگەین".
 
بەرپرسانی حکومەتی حەسەن رووحانی لایەنە تووندڕەوەکانی ناوخۆی ئێران تۆمەتبار دەکەن، کە کۆسپیان بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی دروست کردووە.
 
محەممەد جەواد زەریف لە ساڵانی رابردوودا "گرووپی بی" تۆمەتبار دەکرد، کە هەوڵدەدەن گوشارەکانی سەر ئێران زیاتر بێت. 
 
مەبەستی ئەو لە گرووپی بی، محەممەد بن سەلمان، جێنشینی شای سعودیە، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل و جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ بوو.
 
محەممەد جەواد زەریف ئەمڕۆ گوتی: ساڵ "بەڵێنشکێنییەکان"ی ئەمریکای لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو کۆکردووەتەوە وەک کتێب "لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ دەکرێ".
 
لایەنە ناوخۆییەکان زەریف و تیمی دانوستانکاری ئێران تۆمەتبار دەکەن، ئەوان متمانەیان بە ئەمریکا کردووە، بۆیە فێڵیان لێکراوە و چوونە دەرەوەی ئەمریکاش لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەم چوارچێوەیەدا لێکدەدەنەوە.
 
رۆژی 28-7-2021 سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە کۆتایی دانیشتن لەگەڵ کابینەی حەسەن رووحانی رایگەیاند زۆر گرنگە کە حکومەتی داهاتووی ئێران یەک وانە وەریبگرێت و ئەویش ئەوەیە کە نابێت متمانە بە وڵاتانی رۆژائاوا بکرێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەمەدا ئەمڕۆ گوتی: "هیچ دیپلۆماتێکی ئێران متمانەی بە ئەمریکا نەکردووە و بە گشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جێی متمانە نین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. شلێر رەشیدی، چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی

د. شلێر رەشیدی: لە ئێران تووندوتیژیی دژی ژنان لە زیادبووندایە

چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی، د. شلێر رەشیدی رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەو بۆشاییە قووڵەیە کە لەنێوان "ئاستی بەرزی تێگەیشتنی ژنان" و "یاسا و دابونەریتە کۆنەکان"دا دروست بووە.