رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگیی وەزیری دەرەوەی ئێران، کە باسی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردبوو، محەممەد جەواد زەریف، بە فەرمی داوای لێبووردنی لە خێزانی قاسم سولەیمانی و خەڵکی ئێران کرد.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لاپەڕەی ئینیستاگرامەکەی خۆیدا، پۆستێکی بڵاوکردەوە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی، داوای لێبووردنی لە خێزانی قاسم سولەیمانی و هەموو خەڵکی ئێران کرد.
زەریف دەڵێت گوتەکانی لەو فایلە دەنگییەدا، کە هەفتەی رابردوو بڵاوبووەتەوە، راست بووە، بەڵام ئەگەر دەیزانی لەنێو خەڵکدا بڵاودەبێتەوە، وەکوو پێشتر بێدەنگی لێدەکرد و ئەو قسانەی نەدەکرد.
محەممەد جەواد زەریف لە پۆستەکەیدا وەسفی قاسم سولەیمانی دەکات و دەڵێت: "ئاسایشی ئێران، هەموو ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش، لە سەردەمی سولەیمانیدا پارێزراو بووە و ئەو گوتانەم لە گەورەیی قاسم سولەیمانی کەم ناکاتەوە".
زەریف دەشڵێت؛ "داوای لێبووردن لە خێزانەکەی بە تایبەت لە کچەکەی زێنەب دەکەم، کە وەک منداڵی خۆم وایە. هەروەها داوای لێبووردن لە خێزانی هەموو شەهیدان و هەموو خەڵکی ئێرانیش دەکەم|.
هەفتەی رابردوو فایلێکی دەنگی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوبووەوە، کە تێیدا باس لە رۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات، گوایە بە هاوکاری رووسیا ویستوویەتی رێگە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا بگرێت. هەروەها باس لەوەش دەکات رووسیا ویستوویەتی ئێران بچێتە نێو شەڕی سووریاوە و قاسم سولەیمانی جێبەجێکاری ئەو خواستەی رووسیا بووە.
بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی زەریف لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ